دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر روویاندا؛ بریندار و زیانی مادییان لێکەوتەوە

02-01-2025
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
شوێنی یەکێک لە رووداوەکان. وێنە: رووداو
شوێنی یەکێک لە رووداوەکان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

لەکاتی بەستنی سیستمی گازی شل لە سەربانی نانەواخانەیەکی گوندی گەزنەی باکووری هەولێر، پێش ئەوەی کار بە سیستمی گازەکە بکرێت، ئاگری گرتووە و تەقیوەتەوە.
 
جگە لە زیانگەیاندن بە چەند دووکانێک و سووتانی ئۆتۆمبێلێک، لە رووداوەکەدا دوو کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان زاوایەکی خاوەن نانەواخانەکەیە و زیاتر لە 50%ی جەستەی سووتاوە، بریندارەکەی دیکەش دراوسێ دووکانێکی نانەواخانەکەیە.
 
سەبوور هاوکار، یەکێک لە بریندارەکان (دراوسێ دووکانەکە) دەڵێت، "چوومە سەربان گازیان چاک دەکرد. گازەکە تەقییەوە و فڕێیدام. ئاگام لە خۆم نەما، منیان بە ئۆتۆمبێل هێنایە ماڵەوە."
 
رووداوەکەی گەزنە پێش کاژێر 11:45 خولەک روویدا. زۆری نەبرد، دوای 45 خولەک ئاگرێکی دیکە لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر کەوتەوە.
 
لە رووداوەکەدا دووکانێکی دروستکردنی کوشن و جوانکاریی ئۆتۆمبێل بە تەواوی سووتا، خاوەنی دووکانەکە باسی هۆکاری ئاگرەکە و زیانەکانی کرد.
 
ئازاد حەمەد، خاوەنی دووکانە سووتاوەکە بە رووداوی گوت، "لە ژوورەوە رمبەیەک هات، دڵنیا نیم کە هیتەر بوو یان سۆپا. هەتا چووم ئاگرەکە تەشەنەی کرد. زیانەکان نازانم چەندن رەنگە نزیکەی سێ بۆ چوار دەفتەر دۆلار بێت."
 
زوو گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، رێگر بوو ئاگرەکە بۆ دووکانەکانی دیکە تەشەنە بکات و زیانەکان زیاتر بن.
 
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "سوپاس بۆ خودای گەورە هیچ زەرەر و زیانی گیانیمان نەبووە. 15 تیممان بەردەوام کاریان کردووە. خێرا گەیشتنی تیمەکانمان رێگرییان کرد ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بسەنێت."
 
تەنیا لە دوو رۆژی سەرەتای ئەم ساڵدا 5 رووداوی ئاگر لە هەولێر و دەورووبەری روویانداوە، ساڵی 2024یش لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەبێ ئیدارەی سۆران دوو هەزار و 225 رووداوی ئاگر هەبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆپبارانکردنی باشووری کۆبانێ لەلایەن تورکیاوە. وێنە: ناوەندی میدیایی هەسەدە.

هەسەدە: تورکیا باشووری کۆبانێ تۆپباران دەکات

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا ناوچەی پردی قەرەقۆزاخ و باشووری شاری کۆبانێ "بە چڕی" تۆپباران دەکات. سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا و تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێز بۆ کۆبانێ و دەوروبەری.