رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە کردە سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان، هەروەها کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش.''
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە رێگەی ئیمەیل وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی داوەتەوە، لەبارەی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی تورکیا و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان بە رووداوی راگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەگۆڕاوە. ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئاگربەست و داوای کەمکردنەوەی تووندوتیژییەکان دەکەین.''
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات ''گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە زۆنی ئاگربەست بگرن و پارێزگاری لێبکەن و چالاکییە توندوتیژییەکانیان کەمبکەنەوە تاوەکو سەقامگیریی سووریا بەرەوپێشەوە ببەن.''
ئەو گوتەبێژە ئاماژە بەوەش کرد، ئەوان داوا لەلایەنەکان دەکەن بە ئاراستەی چارەسەرێکی سیاسی کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، تورکیا لە رێگەی درۆنەوە چەند ناوچەیەکی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد، لەوانەش دەوروبەری دادگەی گەل لە قامیشلۆ، چەند ناوچەکی پیشەسازی و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری رمێلان؛ هەروەها رۆژێک پێشتر وێستگەی کارەبای سوێدییە، کارگەی گازی شل و کۆگای گازوایلی لە رمێلان بۆردوومان کرد.
وێستگەی سوێدییە لە رمێلان سەرچاوەی سەرەکیی کارەبای رۆژئاوای کوردستانە.
هێرشەکان دوای ئەوە هاتن، رۆژی 13ـی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی نۆ سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی لە ناوچەی زاپ لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ