رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی یەکێتی رایگەیاند، بڕیارە لە 1ـی مانگی داهاتووەوە عێراق بە سێ قۆناخ 150 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو بنێرێت کە هەر بەرمیلێکی بە کرێی گواستنەوەوە دەگاتە 40 هەزار دینار.
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی لەبارەی هەناردەکردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان داوە. بڕیارە لە 1ـی مانگی داهاتووەوە دەستپێبکات، کە بە کۆی گشتی 150 ملیۆن لیتر بە سێ قۆناخ دەنێرێت، بۆ هەر قۆناخێک 50 ملیۆن لیتر نەوت دەنێرن."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئەو نەوتە بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێتە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان، کە هەر لیترێک بە 150 دینارە، بەوەش هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی 200 لیتری بە 30 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ 10 هەزار دیناری کرێی گواستنەوە.
لە مانگی تشرینی یەکەم دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، تەنیا لە هەڵەبجە نەبێت، کە دابەشکردن لە سەنتەری شارەوە دەستیپێکرد.
بڕیار رەشید دەڵێت، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی نەوتەکەی عێراق دابنێت بەتایبەتی لە نێو شار کە پاریش بەشی نەکردن، پێویستە بەلایەنی کەمەوە سەرەتا ئەوانە وەریبگرن، بەڵام نازانرێت کە ئایا نەوتەکەی عێراق دەدرێتە ئەوانەش کە لە هەرێمی کوردستانیش وەریانگرتووە یان نا، چونکە ئەو میکانیزمە لای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە."
تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر، نزیکەی 10 ملیۆن لیتر نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر 50 هەزار خێزاندا دابەشکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نزیکەی 14 ملیۆن و 109 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە کە زیاتر لە 70 هەزار و 500 خێزان لێ سوودمەندبوون.
ساڵی رابردوو، زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر، لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوت دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ