رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا، دڵنیایی دەدات لەوەی ئەمساڵ جگە لە وەرگرتنی سەرجەم ئەو خوێندکارانەی دەرچوون، نزیکەی حەوت هەزار دەرچووی ساڵانی رابردووش لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، ئەمساڵ پلانی وەرگرتنی 63 هەزار و 13 دەرچوویان هەبووە، بەڵام 37 هەزار و 290 دەرچوو داواکارییان پێشکێشکردووە؛ لەو ژماریەش 36 هەزار و 92 دەرچوو وەرگیراون و ئەوانەشی وەرنەگیراون، وەردەگیرێن.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2023، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی وەرگیرانی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی راگەیاند و گوتی، ئەمساڵ وەکو سێ ساڵی رابردوو، تەواوی دەرچووان کە داواکاریی خوێندنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان پێشکێشکردووە، وەردەگیرێن.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە خوێندنی باڵای داوە، ئەمساڵ 47 هەزار و 788 دەرچووی 12ـی ئامادەیی هەبوون؛ 30 هەزار و 661 دەرچووی زانستی، 15 هەزار و 716 دەرچووانی وێژەیی، هەزار و 250 دەرچووی پیشەیی و 159 دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان.
خەتاب ئەحمەد گوتی، پلانی وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بریتی بووە لە وەرگرتنی 63 هەزار و 13 دەرچووی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، بەڵام ژمارەی دەرچووان لەوە کەمتر بوو.
بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، 37 هەزار و 290 قوتابی دەرچوو داواکارییان پێشکێش کردبوو؛ هەروەها 2 هەزار و 598 دەرچووی ساڵی 2022 لەگەڵ 6 هەزار و 882 دەرچووی ساڵانی پێشتر، داوایان کرد لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگیرێن، کە کۆی پێشکێشکاران کەمتر بووە لە کورسییەکانی خوێندن.
لە دەرچووانی ئەمساڵ، 36 هەزار و 92 دەرچووی 12ـی ئامادەیی وەرگیراون؛ دەرچووانی ساڵانی رابردووش 6 هەزار و 893 کەس وەرگیراون.
خەتاب ئەحمەد گوتی، ئەمساڵ هەزار و 198 قوتابی وەرنەگیراون، کە هۆکارەکەی ئەوە بووە؛ بەشێکیان بۆ هەندێک کۆلێژ فۆرمیان پڕکردووەتەوە کە ئاستی کۆلێژەکە بەرزتر بووە لەو نمرەیەی هەیان بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی ئەوەی دا؛ تەواوی دەرچووان وەردەگیرێن، گوتی "20 هەزار و 197 کورسی بەتاڵ لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان ماونەتەوە بۆیە ئەوەی وەرنەگیرابێت، وەردەگیرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ