رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی رایگەیاند، لە 22ـی تەممووز پرۆسەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات و تاوەکو 31ـی ئاب بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 12-07-2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنی پرۆسەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندکارانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن راگەیاند، بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکان، خوێندکاران دەتوانن پرۆسەی گواستنەوە و دابەزین بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2023-2024) بکەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مەرج و رێنماییەکانى گواستنەوە و دابەزینى خوێندکاران بڵاوکردەوە.
بەشێک لە رێنماییەکان بۆ گواستنەوە و دابەزین:
بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوی کردووەتەوە، خوێندکاران مافی گواستنەوەیان هەیە لە کۆلێژی کۆنمرە نزمەکان بۆ کۆلێژی کۆنمرە بەرزەکان ئەگەر ئەم مەرجانەیان هەبێت.
دەبێت خوێندکار ساڵی یەکەم بێت لە قۆناخی یەکەم لە بەشەکەی، واتا ساڵی کەوتن یاخود گواستنەوەی نەبێت.
خوێندکار یەکەم بێت لەسەر ئاستی بەش لە خولی یەکەم، یاخود (هەوڵی یەکەم لەو زانکۆیانەی سیستەمی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن لایەنی کەم 60 کریدت ects وەرگرتبیت) و کۆنمرەی لە 80 کەمتر نەبێت.
ساڵی پێشوو بۆیان ناچێتە میچی خوێندن.
ئەو خوێندکارانەی پێشتر بە سیستەمی پارالێل وەرگیراون لە کۆلیژە نزمەکان، دوای یەکەم بوونیان لەسەر بەشەکەیان و هەبوونی سەرجەم مەرجەکان لەکاتی گواستنەوەی بۆ کۆلێژی کۆنمرە بەرزتر، خوێندنەکەی بەخۆڕایی دەبێت.
فەرمانی گواستنەوەی ئەو خوێندکارانە لە وەزارەتەوە دەردەچێت و ئەگەر لیژنەی چاوپێکەوتنی خوێندکار لە زانکۆکاندا لارییان هەبوو لەبەر هۆی تەندروستی ئەوە دووبارە دەنێدرێتەوە بۆ وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ