نرخی نەوت گەیشتە خوار 88 دۆلار

04-10-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن خوێندنی باڵا نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت زیاتر لە سێ دۆلار دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە خوار 88 دۆلار، ئەوەش نزمترین ئاستە لە یەک مانگی رابردوودا.
 
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-10-2023) بە بڕی سێ دۆلار و 26 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە ئەمە نزمترین ئاستی نرخی نەوتی برێنتە لە دوای 5ـی مانگی رابردووەوە.
 
هاوکات، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش سێ دۆلار و 25 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش بەهەمانشێوە نزمترین ئاستە لەدوای 6ـی مانگی رابردووەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت گوشارەکانی کەمبوونەوەی خواستە کە لە نیگەرانییە ئابوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.
 
کالوم ماکفێرسن، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە دامەزراوەی "ئینڤێستیک" دەڵێت "سەرنجی بازاڕ لە کەمبوونەوەی خستنەڕووەوە لە مەودای کورتخایەندا، گۆڕاوە بۆ مانەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ماوەیەکی درێژتر."
 
دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لیژنەی وەزاریی چاودێریی هاوبەشی ئۆپێک پڵەس کۆبووەوە و دوو سەرچاوە لەنێو کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند، گۆڕانکارییان لە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی گرووپەکە نەکردووە.
 
بەم پێیە، وەک وەزیری وزەی سعودیە و جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیاش ئەمڕۆ دووپاتیانکردەوە، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانە لە لایەن سعودیە و کەمکردنەوەی هەناردەی 300 هەزار بەرمیل لە لایەن رووسیاوە، وەک پێشتر راگەیێندرابوو، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
 
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، کەمکردنەوەی هاوبەشی خستنەڕووی نەوت بە هاوشانی سعودیە، هاوکار بووە لە راگرتنی هاوسەنگیی بازاڕەکانی نەوت.
 
لە لایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ بەرزترین ئاست لە 11 مانگی رابردوودا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی نەوت و بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەبووە.
 
جۆن ئیڤانس، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای PVM دەڵێت، بەهێزیی ئێستای دۆلار "بەرزبوونەوەیەکە کە بەردەوام دەبێتە دێوەزمەی سەرجەم بازاڕەکان، لەنێویشیاندا نەوت."
 
بەبڕوای ئیڤانس، تەنانەت لە کاتێکی وەکو ئێستا کە لە رووی شیکاری بنەڕەتییەوە دۆلار کەوتووەتە ژێر گوشاری دابەزین، ئەم بارودۆخە هەر بەردەوام دەبێت.
 
هاوکات ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، بەو پێیەی نزیکەی 0.5٪ـی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە