رووداو دیجیتاڵ
لە سایلۆی هەولێر تەنیا 15 ملیار دینار بۆ گەنمی جووتیاران دابەشکراوە و نزیکەی 118 ملیار دیناری دیکە ماوە، کە دەبێت بەغدا بینێرێت. لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین 30 ملیار دینار خەرجکراوە و 158 ملیار دیناری دیکە ماوە بۆئەوەی خەرجبکرێت. لە سایلۆی دهۆکیش 23 ملیار دینار خەرجکراوە و زیاتر لە 79 ملیار دیناری دیکە ماوە بۆئەوەی خەرجبکرێت.
رۆژی دووشەممە 24-07-2023 سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەغدا 15 ملیار دیناری بۆ پارەی جووتیارانی هەولێر ناردووە و هەمووی دابەشکراوە؛ نزیکەی 118 ملیار دیناری دیکەمان پێویستە بۆئەوەی پارەی هەموو ئەو جووتیارانە بدەین کە گەنممان لێ وەرگرتوون."
بەغدا 145 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر وەرگرتووە. سەعید عومەر دەڵێت، "سێ رۆژ لەمەوبەر ئیمەیڵم بۆ بەغدا کردووە بۆئەوەی پارەی گەنمی جووتیاران بنێرێت، بەڵام وەڵامیان نەبوو؛ پەیوەندیم پێوەکردن و گوتیان، هەندێک پارە دەنێرن."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجەوە، 230 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا 30 ملیار دینار بۆ جووتیاران خەرجکراوە و ئەویش دابەشکراوە، نزیکەی 158 ملیار دیناری دیکە ماوە بۆئەوەی بەغدا بۆمان بنێرێت."
لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆ 125 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت، "بەغدا تەنیا 23 ملیار دیناری بۆ خەرجکردووین و هەموویمان دابەشکردووە؛ زیاتر لە 79 ملیار دیناری دیکە ماوە بۆئەوەی بینێرن. بڕیارە لەم یەک دوو رۆژەدا پارەی دیکە بنێرن، بەڵام ئەوەش هەمووی پێکەوە نابێت، بەڵکو بەش بەش پارە دەنێرن."
پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت؛ ئەمساڵ بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق سنووری داناوە و دەڵێت، تەنیا 500 هەزار تۆن وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە.
پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ