رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، 99٪ـی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانەوە دەچنەوە شنگال و دواتر دەگەڕێنەوە کەمپ دەڵێن، لەبەر نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزارییە لەو شارە.
کاروان زەکی، بەرپرسی راگەیاندنی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "99٪ـی ئەوانەی گەڕاونەتەوە کە لێیان دەپرسین بۆچی لە شنگالەوە گەڕاونەتەوە بۆ کەمپ دەڵێن: چونکە لە شنگال ئەمن و ئەمان نییە. خزمەتگوزاری و ژیانی تێدا نییە."
بەرپرسی راگەیاندنی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوە دا، ساڵانە خەڵکێکی زۆر داواکاری پێشکێش دەکەن کە کەمپ جێبهێڵن و بچنەوە شنگال. هەموو شتەکانیان رادەست دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە، بەڵام کاتێک دەچنەوە و دەبینن رەوشەکە سەقامگیر نییە، جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە کەمپ.
کاروان زەکی گوتی: "ئەوەیش بۆ ئێمە بووەتە کێشە کە هەموو چوارشەممانێک لیژنەی چاوپێکەوتنی گەڕانەوە بۆ کەمپ دادەنیشن."
لە سەرەتای ساڵی 2014دا 27 کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگای دهۆک هەبوون. بەگوتەی بەرپرسی راگەیاندنی کەمپەکانی پارێزگاکەش، ئێستا 21ـیان ماون کە پێنجیان کەمپی پەنابەرانن و 16یشیان هی ئاوارەکانی شنگالن.
کاروان زەکی باسی لەوە کرد، بەڕێوەبردنی ئەو کەمپانە زۆر سەختە و ساڵ بە ساڵیش حکومەتی عێراق کارەکانی لە کەمپەکاندا کەمتر دەبنەوە و رۆڵی لاواز دەبێت. جاران هەموو مانگێک سەبەتەیەک خواردنی دەنارد، کەچی بە درێژایی 2021 چوار جار ناردی. لە وەرزی زستاندا گاز و نەوتی دەدا کە ئێستا ئەوەیش کەمبووەتەوە.
بەگوتەی بەرپرسی راگەیاندنی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک، ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە توانای خۆی بەدەرە. لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەن رێکخراوەکان بهێننە سەر هێڵ بۆ ئەوەی هاوکاریی کەمپەکان بکەن.
بەشێکی زۆری ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆکن و زۆربەی کەمپەکانیش چادرن کە بە باشی لە گەرمای هاوین نایانپارێزێت، زۆر جاریش ئەو چادرانە گڕ دەگرن و زیانی ماددی و گیانییان لێدەکەوێتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 2022/04/24 لە کەمپی چەمشکۆی ئاوارەکانی شنگال لە زاخۆ ئاگر لە چادرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون و زیانی ماددیی زۆریشی هەبوو. ئەوە سێیەم ئاگرە کە لە کەمتر لە مانگێکدا لەو کەمپە دەکەوێتەوە.
کاروان زەکی ئاماژە بەوە دەکات: "ئەوە لە ماوەی مانگێکدایە کە سێ جار لە کەمپی چەمشکۆ ئاگر لە چادرەکان بەردەبێت کە ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوو. خۆشبەختانە زیانی گیانیی نەبووە. کاتێک زیان ماددی بێت، قەرەبووەکەی ئاسانە. ئەمساڵ لە کەمپەکاندا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە تەنیا کەسێک مردووە."
بەرپرسی راگەیاندنی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک ئەوەی خستەڕوو کە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان دەبێت هەر دوو ساڵ جارێک چادرەکان بگۆڕدرێن و ئەوانیش زۆر هەوڵیان داوە بەو جۆرە بکەن.
ئەو بەرپرسەی کەمپەکان پێیوایە، دیزاینی کەمپەکان ناڕێکوپێکە، ئەوەیش بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەکانەوە کە ناچاربوون چادری زیاتر لە رووبەرێکی کەمدا هەڵبدەین.
کاروان زەکی دەڵێت: "ئێمە وەکو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، چاوەڕێی ئەوەین کە رێککەوتنی شنگال لەنێوان بەغدا و هەولێردا جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. لە پلانماندایە ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و ئاوارەکان لە کەمپەکاندا مانەوە، چادرەکانیان بۆ بکەینە بلۆک."
ئەو بەرپرسەی کەمپەکانی دهۆک باسی لەوەش کرد، ئێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکاندا رۆڵیان نەماوە و نزیکەی 85٪ هاوکارییەکانیان کەمبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ