نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە بەرپرسانی باڵای ئێران دەکات

24-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵ لە بەرپرسانی باڵای ئێران دەکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوار پەیامی جیادا پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی لە رێبەر، سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
 
لە پەیامەکەیدا بۆ عەلی خامنەیی، مەسعود پزیشکیان، محەممەدباقر قالیباف و عەباس عێراقچی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویێتی، "بە گەرمی پیرۆزبایی نەورۆز و دەستپێکردنی ساڵی نوێتان لێدەکەم و هیوادارم نەورۆز وەکو جەژنێکی هاوبەشی ئێمە و گەلانی دیکەی ناوچەکە، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان بەدواوە بێت و خێر و خۆشی لەگەڵدا بێت بۆ هەمووان".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، بە رێز و سوپاسی زۆرەوە دەڕواننە پەیوەندی مێژوویی و هاوکاریی دۆستانەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی نەورۆز بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران جەخت لەسەر ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستان بۆ "بەهێزکردن، پەرەپێدان و قووڵترکردنەوەی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هەردوو لایەن لەسەر بنەمای رێز، دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش" دەکاتەوە.
 
لە ئێران، نەورۆز بە جەژنی سەری ساڵ دادەنرێت و ساڵی هەتاوی لەو وڵاتە دا لە نەورۆز نوێ دەبێتەوە، ئێستاش لە ساڵی 1404ـی هەتاویدان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە