لە هێرشێکی درۆنیدا لە حەسەکە بەڵێندەرێکی ئەمریکی دەکوژرێت و پێنج سەربازیش بریندار دەبن

24-03-2023
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی درۆنیدا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و پێنج سەرباز و بەڵێندەرێکی دیکەی ئەمریکی برینداربوون. ئەمریکا دەڵێت، لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەو هێرشە کراوە، بۆیە بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، سوپای وڵاتەکە وەڵامی ئەو هێرشەی داوەتەوە و لە سووریا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا.
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 01:38 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە درۆنێک هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی وڵاتەکە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە حەسەکە و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژراوە و پێنج سەرباز و بەڵێندەرێکی دیکەی ئەمریکی برینداربوون.
 
بەپێیی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، درۆنەکە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراوە. 
 
سوپای ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، دەستبەجێ هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە سووریا ئەنجامداوە. لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا دەڵێت، "لەسەر فەرمانی سەرۆک بایدن، دەسەڵاتم بە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دا ئەمشەو هێرشێکی ورد لە رۆژهەڵاتی سووریا لە دژی ئەو بنکانە ئەنجامبدەن کە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەکارهاتوون کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.''
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ''هێرشەکە لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمڕۆ [رۆژی پێنجشەممە] و، ئەو زنجیرە هێرشانەی ئەم دواییەن کە بۆسەر هاوپەیمانان لە سووریا لەلایەن ئەو گرووپانە کراون کە سەر بە سوپای پاسدرانی ئێرانن.''
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، مەبەست لە هێرشەکە بەرگریکردن و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. هەروەها ئەوەش هاتووە ''وەک سەرۆک بایدن بە روونی گوتوویەتی، ئێمە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان و هەروەها هەمیشە لە شوێن و کاتێک کە خۆمان دەستنیشانی دەکەین، وەڵاممان دەبێت.''
 
لەبارەی رەوشی سەربازە بریندارەکان، وەک وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، برینی دوو سەربازیان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەرکراوە و سێ لە سەربازە بریندارەکانی دیکە و بەڵێندەرەکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە گوێزراونەتەوە بنکەیەکی تەندروستیی هاوپەیمانان لە عێراق.  

فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: تەندروستیی سەرباز و بەڵێندەرە بریندارەکان کە گوێزراونەتەوە بۆ عێراق، جێگیرە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".