رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە چوار هەزار و 500 مامۆستای ناڕازی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بە غیاب، گواستنەوە و بەخشین "سزادراون" و داوای سڕینەوەی سزاکانیان دەکەن. یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ مامۆستایان لەسەر هێڵن و داواکارییەکانیان بۆ سەرووی خۆیان بەرزدەکەنەوە و کار لەسەر سڕینەوەی غیاباتیان دەکرێت.
دڵشاد میرانی، یەکێک لەو مامۆستایانەی سەردانی پەروەردەی سلێمانیان کردووە، رۆژی شەممە، 24-02-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشێک لە پەروەردەکان لە 13ـی ئەیلوولی 2023ـەوە سزای مامۆستایان بە غیابات، گواستنەوە و بەخشینیشەوە داوە، بەشێکی دیکەیان دوای راگەیاندنی ساڵنامەی نوێی خوێندن لە 9ـی مانگی رابردووەوە سزاکانیان تۆمارکردووە.
"4640 مامۆستای ناڕازی سزادراون"
بە گوتەی ئەو مامۆستایە، چوار هەزار و 640 مامۆستا لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین سزادراون.
دڵشاد میرانی دەڵێت، داوایان لە پەروەردەی سلێمانی کردووە دوای گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن سزاکانیان بسڕنەوە. دەشڵێت: "وەزیری پەروەردە دەسەڵاتی بە پەروەردەی سلێمانی داوە کە سزای مامۆستایان بسرێتەوە، واتا بڕیاری کۆتایی دەگەڕێتەوە پەروەردەی سلێمانی."
مامۆستایان "گەشبینن" کە سزاکانیان لەلایەن پەروەردەی سلێمانییەوە هەڵبوەشێندرێتەوە و دڵشاد میرانی دەڵێت: "پێمان وایە بڕیارەکە کۆتایی بە سزاکانی مامۆستایان دەهێنێت و سزای هەمووان دەسڕنەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی وەڵامی پەروەردەین و ئەگەر یەکشەممە وەڵاممان نەدەنەوە، رێکاری دیکە دەگرینەبەر."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە نێو ئەو چوار هەزار و 640 مامۆستا و فەرمانبەرانەدا، بەشێکیان بەبێ خواستی خۆیان بڕیاری گواستنەوە و بەخشینیان بۆ دەرکراوە.
"کار لەسەر سڕینەوەی غیاباتی مامۆستایان دەکەین"
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ مامۆستایەک سزانەدراوە، ئەوەی هەیە غیاباتە، بە کۆی گشتی لە سنووری پەروەردەی سلێمانی 3182 مامۆستا و فەرمانبەر غیاب دراون، هەڵەبجە 300، ئیدارەی راپەڕین 180، گەرمیان 384."
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، مامۆستایانی دیکە کە گواستراونەتەوە یاخود بەخشراون "لەسەر داوای خۆیان بووە و هیچ پەروەردەیەک مامۆستای بە زۆر نەگواستووەتەوە و سزانەداوە."
لەبارەی سڕینەوەی غیاباتی مامۆستایان، نەژاد عەبدوڵڵا گوتی: "سەردانی پەروەردەیان کرد و داوایان کرد سزاکانیان بسڕینەوە، داواکارییەکەیان دەگەیێنینە سەرووی خۆمان و هەر بڕیارێک بدرێت مەرکەزی دەبێت و بە دڵنیاییەوە سنووری هەموو ئەو شاروشاروچکانە دەگرێتەوە کە بایکۆتی تێیدا هەبووە."
لە پەروەردەی راپەڕین 180 مامۆستا تەنیا غیاب دراون. محەممەد کەریم، بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تەنیا مامۆستامان غیاب داوە وەکو گواستنەوە و بەخشین هیچ نەبووە، بە پێچەوانەوە پێویستیمان بە وانەبێژی زیاترە لەوەی ئێستا هەمانە، بڕیاری سڕینەوەی غیاباتیش قورسە و چاوەڕوانی بڕیاری پەروەردەی سلێمانی دەکەین بزانین ئەوان چی بڕیارێک دەدەن."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی راپەڕین گوتیشی، ئەگەر پەروەردەی سلێمانی غیاباتی مامۆستایانی سڕییەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە لە پەروەردەی راپەڕینیش دەسڕێتەوە.
لە 13ـی ئەیلوول خوێندنی وەرزی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە قوتابخانەکان بە گشتی جگە لە بەشێکی 12 بنەڕەتی تاوەکو 09ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نەکرایەوە، بەڵام دوای ئەو وادەیە وردە وردە دەرگای قوتابخانەکان بە رووی قوتابیاندا کرانەوە.
لەکاتی بایکۆتی مامۆستایان دەسەڵات درابووە سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەکان بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایانەی لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادەنابن غیاب بدرێن، واتا بە ئامادەنەبوو هەژماریان بکەن، بەهۆی ئەوەشەوە بەشێکی زۆر لە مامۆستایان غیاب دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ