رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، شەش کاژێر کارەبای نیشتمانییان کەمکراوەتەوە، بیانووەکەش کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و نەبەستی پێوەری زیرەکە، بۆ ئەوەش داوای پێوەری زیرەکیان کردووە، بەڵام کارەبای سلێمانی پێیگوتوون پێوەر نەماوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانیش دەڵێت، "دووجار تیم بۆ بەستنی پێوەری زیرەک سەردانیان کردوون و هاووڵاتییان نەیانهێشتووە بیبەستن."
رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023 زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنجوێن 24 کاژێر کارەبای هەبوو، بەڵام لە 26ـی مانگی رابردووەوە شەش کاژێر کارەبای نیشتمانیمان کەمکراوەتەوە، پرسیارمان لەبارەی هۆکارەکەی کردووە، کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و بیانوویەکی دیکەش ئەوەیە لە پێنجوێن پێوەری زیرەک نەبەستراوە."
رۆژی شەممە 12-02-2022، بەستنی پێوەری زیرەک گەیشتە پێنجوێن و هەر لە سەرەتاوە رووبەڕووی ناڕەزایی بووەوە و هاونیشتمانییانی ئەو قەزایە رەتیانکردەوە و رێگەیان نەدا پێوەریان بۆ ببەسترێت.
پێوەری زیرەک، یەکێکە لەپڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا لەساڵی 2020ـەوە دەستیپێکردووە، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە رێگەی پڕۆژەکەوە کارەبا کۆنتڕۆڵ دەکات و رێگە لەبەهەدەردان دەگرێت و سوودی دیکەشی هەیە.
قایمقامی پێنجوێن لەبارەی بەستنی پێوەری زیرەک لە قەزاکە دەڵێت، "ئێستا دوای ئەوەی کاژێرەکانی کارەبای قەزاکە کەمکراوەتەوە داوای بەستنی پێوەری زیرەک دەکەین، چونکە دەڵێن ئەگەر پێوەر ببەستن کارەباتان بەردەوام دەبێت و سەرپێچی نامێنێت، بەڵام کارەبای سلێمانی دەڵێت، پێوەری زیرەک نەماوە لەگەڵ وەزارەتی کارەباش لەسەر هێڵین و دەڵێن، هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین."
ژمارەی دانیشتووانی قەزای پێنجوێن نزیکەی 57 هەزار کەسە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "لە هیچ ماڵێک پێوەری زیرەک نەبەستراوە و نزیکەی 16 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، کە پێویستیان بە بەستنی پێوەری زیرەکە."
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دووجار تیم نێردراوەتە قەزای پێنجوێن بۆ بەستنی پێوەری زیرەک، بەڵام دانیشتوانەکەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و رێگەیان نەداوە دابنرێت، ئەو پێوەرەش کە هەبوو بۆ شوێنی دیکە دانراوە، کاژێرەکانی کارەباش تەنیا پەیوەندی بە سلێمانی نییە و بەگشتی کەمبووەتەوە، چونکە ئێستا خواست لەسەر کارەبا زۆر زیادیکردووە و نزیکبووەتەوە لە 1500 مێگاوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ