دادگەى فیدراڵیى عێراق داواى زانیارییەکى 11 ساڵ لەمەوبەرى پەرلەمانى کوردستان دەکات

23-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق شێوازى ژماردنى ئەلیکترۆنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەیڕەودەکات. کۆمیسیۆن پێشبینى دەکات رێژەى بەشدارى لەو هەڵبژاردنە لەنێوان 50% و 65% بێت، لەکاتێکدا هێشتا پرسى تانە لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دادگەى فیدراڵیى عێراق یەکلایی نەبووەتەوە کە لەسەر زانیارییەک وەستاوە. 
 
کەمتر لە چوار مانگ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە. کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستی بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە کردووە.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان وەک ئەوەى تۆمارکراوە، مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى نوێنەرانیان لە پەرلەمان هەیە کە 111 نوێنەرن. 
 
یەکەم دەنگدانى ئەلیکترۆنى پەرلەمان  
 
لە یەکى 11ـەوە دەرگەى تۆماکردنى بەربژێر، پارت و هاوپەیمانێتییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەکرێتەوە و تاوەکو 30ـی 11 بەردەوام دەبێت. تاوەکو 1-1-2024ـیش وردبینى بەربژێران و شیاوییان بۆ بەربژێربوون لەگەڵ رێوشوێنەکانى دیکەى کۆمیسیۆن تەواو دەکرێت.
 
داود سلێمان، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى مەشق و رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە پۆدکاستی رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، "رێوشوێنەکانى دەنگدان، جیاکردنەوە و ژمارەى دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە هەمان شێوە دەبێت کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت. لە قۆناخى یەکەمدا جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى دەنگەکان دەبێت و تا کاژێر شەشى ئێوارە دەخایەنێت. کاتێک ناوەندەکانى دەنگدان داخران، ئیدی دەستدەکرێت بە ژماردنى دەستیى دەنگەکان."
 
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى مەشق و رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە پشتبەستن بە سەردانیکردنى هاونیشتمانیان بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، پێشبینی ئەوەى کرد، رێژەى بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەنێوان 50% بۆ 65% بێت. 
 
هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان و سکاڵا لە بەغدا
 
یەکەمجارە لەدوای ساڵى 2014ـەوە هەڵبژاردنێکى نێوخۆیی هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت، بەو پێیەى لە 2014 کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان لە پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئەو ئەرکەى پێ سپێردرا. ئەو کۆمیسیۆنە جگە لە گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵى 2017، سەرپەرشتى هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانیشی کرد لە ساڵى 2018.
 
ئارام جەمال، ئەندامى دەستەى کارگێڕیى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن لە پۆدکاستی رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو گوتى، "بەو پێیەى کۆمیسیۆنەکەى ھەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان هەڵوەشاوتەوە، کاتێک تانە هەبێت، دەبێت دەستەى دادوەرى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری لێ بدات و ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەیش لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە راستاندنى بۆ دەکرێت."
 
 
دۆسیەیەکى 11 ساڵ لەمەوبەر هەڵدەدرێتەوە 
 
هێشتا سکاڵایەک لە دادگەى فیدراڵیى عێراق یەکلایی نەبووەتەوە کە لەدژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و 5ى تشرینى دووەم دیاریکراوە بۆ دانیشتنێکى دیکەى دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەو پرسە.
 
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکیسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە و دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە تایبەتە بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیای رووداو، لایەنى سکاڵاکار لە دادگەکە پرسیاریان کردووە؛ "بۆچى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2004 هەموارى مادەى نۆى یاسای هەڵبژاردنەکانى کردووە؟"
 
وەعدى مزوورى، راوێژکارى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، داواى هۆکارى ئەو هەموارکردنەوەیە کراوە کە لە کۆنووسی پەرلەمانى کوردستاندا لەکاتى گفتوگۆکاکاندا دەردەکەوێت.
 
لە مادەى نۆى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 1992 ـشدا واتە پێش هەموارکردنەکەى، دەڵێت هەرێمى کوردستان دەکرێتە چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن بەمەرجێک لە چوار ناوچە کەمتر نەبێت.
 
لە ساڵى 2004 یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەموارکرایەوە و ئەو مادەیە لادرا و لەبرى ئەوە نووسرا، هەرێمى کوردستان دەکرێت بە یەک ناوچەى هەڵبژاردن و بەسەر چەند ناوەندێکی هەڵبژاردن دابەشدەکرێت.
 
بڕیارە نوێنەرى یاسایی پەرلەمان وەڵامى ئەو پرسارە بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى بباتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک

ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".