رووداو دیجیتاڵ
دەشتاییەکانی داقوق بووەتە ناوەندێکی گرنگی بەخێوکردنی ماسی، بەڵام حکومەت هۆشداریی داوەتە خاوەن حەوزەکانی ماسی کە لە ماوەی یەک مانگدا دەست بە رووخاندنی حەوزەکان دەکەن. پاساوی حکومەت بۆ لەنێوبردنی حەوزەکانی ماسی نەبوونی مۆڵەت و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوییە.
لەگەڵ هەڕەشەی رووخاندنی حەوزەکانی ماسی زۆرێک لە کرێکار و پاسەوانەکانی ئەو ناوچەیە خەمیان لێ نیشتووە کە بێکار دەبن. حەرجان محەممەد ئاوارەی شەڕی داعشە و خاوەنی خێزانێکی 14 کەسییە کە بژێوییان لەسەر حەوزی ماسییە و دەڵێت، "هیچ کار و کاسپییەکمان نییە جگە لەوەی لە حەوزەکان کرێکارین، ئەگەر حەوزەکان نەمێنێت واتا بێکار دەمێنینەوە، هیچ مووچەیەکمان نییە. خۆم و 14 ئەندامی خێزانەکەمین."
جگە لە حەوزەکان، 22 کارگەی ئالیکی ماسی لە سنووری داقوق لە ژێر هەڕەشەی لەنێو بردندان. سەرچڵ شامل، خاوەنی کارگەیەکە لەو سنوورە و گوتی، "لە داقوق سێ هەزار حەوز هەیە، 22 کارگەی تێدایە، ئەگەر حکومەت حەوزەکان بڕوخێنێت، واتا هەموو کارگەکان دادەخرێن.. هەر کارگەیەک 20 کرێکاری هەیە، هەر حەوزێک دوو پاسەوانی هەیە."
فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بڕیاری رووخاندن و تێکدانی 3500 حەوزی دەرکردووە بە پاساوی بەهەدەردانی ئاوی ژێر زەوی؛ نزیکەی 15 رۆژ لەو مۆڵەتە ماوە تاوەکو خاوەن حەوزەکان بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، "هەموو خاوەن حەوزەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە مۆڵەتیان نییە، دەبێ لە ماوەی 30 رۆژ دوای ئاگادارکردنەوەکە حەوزەکان تێکبدەن. نزیکەی 3 هەزار حەوز لە پارێزگای کەرکووک هەیە کە تەنیا 30 حەوز مۆڵەتی فەرمیان هەیە."
نرخی ماسی لەگەڵ هۆشدارییەکانی حکومەت بۆ رووخاندنی حەوزەکان لە بازاڕدا کەمبووەتەوە چونکە خاوەن حەوزەکان ترسیان هەیە و زۆرترین ماسی دەفرۆشن، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر حەوزەکان تێکبدرێن لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ دەستکەوتنی ماسی زەحمەت بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ