رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی بێرەجوک سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە سێ کەسدا کە دەیانویست تایەی ئۆتۆمبێلەکەیان بگۆڕن و لە ئەنجامدا هەر سێ کەسەکە گیانیان لەدەست دا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئاب لەسەر رێگەی نێوان بێرەجوک-رووها روویدا، شۆفێرێک و دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک بەهۆی پەنچەربوونی تایەی ئۆتۆمبێلەکە هاتوونەتە خوارەوە و لەسەر رێگەکە خەریکی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبێلەکە بوون؛ لەو کاتەدا بارهەڵگرێک هاتووە و خۆی پێداکێشاون.
دوای رووداوەکە تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دوو کەس لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە. بریندارێک گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون و هەزار و 533 کەس بەهۆی ئەو رووداوانە گیانیان لەدەستداوە و 205 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2023 بەگشتی ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون. لەو رووداوانەدا، شەش هەزار و 548 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 350 هەزار و 855 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ