وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بۆ دەستبەکاربوونی لیوای 20 نەگەیشتنە رێککەوتن

23-08-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە لیژنەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدان. ئەمینداری گشتیی وەزارەتەکە دەڵێت، "دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان هەندێک رێکاری هونەری ماوە. پێویستیشە هەموو ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە ببیندرێنەوە." سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، "شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی دەستبەکاربوونی هێزەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن."
 
رۆژی چوارشەممە، 23-08-2023، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو ئەمیندار و شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە دوو رۆژە لە بەغداین بەمەبەستی هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شایستە داراییەکانی پێشمەرگە چی لە بودجەی هەرێم بێت یاخود لە سیادی و هەروەها لیوا هاوبەشەکان لیوای 20 کە چۆن بتوانین ئێمە رێکارەکانی بە زووترین کات تەواو تەواو بکەین و دەستبەکاربن."
 
بەگوتەی بەختیار محەممەد، پێویستیان بەوەیە بە زووترین کات لیوا هاوبەشەکان لە ناوچەکانی مادەی 140 دەستبەکاربن و دەشڵێت، "لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، وەزیری بەرگری، سەرۆکی ئەرکان، ئەمینداری گشتی و چەندین بەرپرسی دیکەی عێراق کۆبووینەتەوە، لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوەیە عێراق داوایانکرد لیژنەیەکی هونەری لە وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی لەبارەی دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان رێکارەکان بگیرێتەبەر. ئەو لیژنە هونەرییەش ئەمڕۆ سەردانی بەغدایان کرد."
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان دەڵێت، "ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە لە 2021 ناویان گەڕاوەتەوە واتا کۆنە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە ناوەکانیان بکەین خەڵک هەیە ناوی هاتووەتەوە، بەڵام مردووە یاخود وازی هێناوە بۆیە لیژنە پێکدەهێندرێت و ئەو کەسانە دووبارە دەبیندرێنەوە."
 
بەختیار محەممەد گوتیشی، دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان هەندێک رێکاری هونەری ماوە و دەبێت سەرەتا فەرمانی دەستبەکاربوونیان دەربچێت و دەشڵێت، "پێشتر لەبارەی دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان هەندێک سستی لە بەغدا هەبوو، بەڵام ئێستا جددین، چونکە بودجەی بۆ دیاریکراوە، بەڵام بابەتی لیوا هاوبەشەکان دوو بەشە ناکرێت ئێمە کەسێک بنێرین کە نەخوێندەوار بێت، یان ئەفسەر نەبێت یان کۆلێژی سەربازی تەواو نەکردبێت بۆیە دەبێت پێداچوونەوە بۆ ئەوانە بکەین، کۆمەڵێک مەرج هەن بەسەر ئەفسەرانی عێراقیش جێبەجێ کراوە و دەبێت ئێمەش جێبەجێ بکەین."
 
هەر ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دەستبەکاربوونی لیوای 20ـی هاوبەش کۆبوونەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو کۆبوونەوەکەوە بە رووداوی گوت، هەردوولا بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی دەستبەکاربوونی هێزەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لایەنی عێراقی، وەکو سەرچاوەکە دەڵێت، داوایان کردووە 55 ئەفسەری نێو لیواکە بگۆڕدرێن، بەهۆی ئەوەی پێشتر لە ریزەکانی سوپادا بوون و دواتر وازیان لێهێناوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەیان گوتووە، ئەو ناوانە بگۆڕن و هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەنەوە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و دەستنیشانکردنی رۆژێک بۆ دەستبەکاربوونی لیواکە.
 
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرێت بۆ هێرشکردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.