رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو لیستەی سەرکردایەتیی یەکێتی، کە بڵاوکراوەتەوە و گوایە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێڵی سووری بەسەر بەشێکیاندا هێناوە و نابێت ببنەوە سەرکردایەتیی یەکێتی، ناڕاست و بێبنەمایە، دەشڵێت "پێمان شەرمە وەڵامیشی بدەینەوە."
شەوی چوارشەممە 23-8-2023، بێستوون سابوراوایی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی ئەو لیستەی لە سۆشیاڵ میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە و هێڵی سوور لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆریان دانراوە و، دەگوترێت پارێزگاریی بافڵ تاڵەبانییان لەسەرە بۆ ئەوەی ببنەوە سەرکردایەتیی یەکێتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو لیستەی بڵاوکراوەتەوە ناڕاستە، کاک بافڵیش پێی شەرم بووە ئەسڵەن روونکردنەوەی لەسەر بدات، بۆیە ئێمەش پێمان شەرمە هیچی لەسەر بڵێین، چونکە ناڕاست و دروستکراوە و کاری ئەو نییە."
بێستوون سابوراوایی گوتیشی "ئێمە، دەزانین کێ و لەکوێوە ئەو لیستە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە کاری نەیارانی یەکێتییە و بۆ شێواندن ئەو کارانە دەکریت."
چەند رۆژێکە لیستێک لە بەشێک لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە و لە کۆی 126 ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ناوی 82ـیان بە قەڵەمی سوور دەستنیشانکراون، وا بڵاوکرایەوە گوایە ئەو قەڵەم سوورە ماجیکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتییەوە لەبەرامبەر ئەو ناوانە دانراوە، کە گوایە پارێزگاری لەسەریان هەیە و نابێت ببنەوە ئەندامی سەرکردایەتی لە کۆنگرەی پێنجەمی داهاتووی یەکێتی، کە بڕیارە 27ـی مانگی داهاتوو ببەسترێت.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری کەرکووک کۆبووەوە و بڕیاری دا کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە، لە رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 ببەسترێت.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان 21-12-2019 لە شاری سلێمانی چوارەم کۆنگرەی خۆی سازکرد، لەو کۆنگرەیەدا 126 کەس بە ئەندامی سەرکردایەتیی هەڵبژێدران و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکانی یەکێتی هەڵبژێردان، دواتر لە رووداوەکانی 8ـی تەمموزی ساڵی 2021 گرژی کەوتە نێوان هەردوو هاوسەرۆک و دواتر لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی دوورخرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ