بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕییەكان: هیچ گۆڕانکارییەک لە وەرگرتنەوەی پێشینەکان نەکراوە

23-07-2023
رێبوار عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، تائێستا هیچ گۆڕانکاریەک لەو وادەیە نەکراوە کە بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەکان لە هاونیشتمانیان دیاریکرابوو.
 
شیرین حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆرییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، ئەو رێنماییەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەکان دەرکراوە، هەر وەکو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکاریەکی تێدا نەکراوە، لەسەر ئەو بابەتە نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە".
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی هه‌ن‌ كه‌ پێشینه‌یان بە هاونیشتمانییان داوە، ئەوانیش‌ بانكەکانی؛ خانووبه‌ره‌، پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و نیشته‌جێكردنن، تائێستا 231.474 كه‌س لە پێشینەکانی قەرزی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری سوودمه‌ند بوون.
 
وەزارەتی دارایی لە 19ی حوزەیرانەوە ماوەی دوو مانگ مۆڵەتی داناوە بۆ ئەو کەسانەی کە قەرزی پێشینەیان نەگەڕاندووەتەوە، دوای ئەو دوو مانگە یەک لەسەر پێنجی مووچەی ئەو فەرمانبەرە دەبڕدرێت کە بووەتە کەفیل ئەو دوو مانگەش لە 19ی مانگی ئاب کۆتایی پێدێت."
 
بەشێک لە هاونیشتمانیان لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکەن و دەڵێن: "ئێستا ئەو توانایەمان نییە لەماوەی دوومانگدا سەرجەم پارەکە بدەینەوە بەڵکو پێویستە ئاسانکاری زیاتر بکڕیت و کاتەکەی درێژ بکرێتەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆریەکان دەڵێت، "ئێمەش رۆژانە ناڕەزایەتی و داواکاریی خەڵکمان پێدەگات لەبارەی درێژکردنەوەی ئەو کاتەی داندراوە، ئێمە لەو نووسراوانەی ئاراستەی وەزارەتمان کردوو ئاماژەمان بە هەمووی کردووە و چاوەڕوانی بڕیاری ئەوان دەکەین تا وادەکە درێژبکەنەوە یان میکانیزمێکی دیکە دابنێن."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، له‌ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران 72 هەزار و 181 کەس بڕی 1.4 تریلیۆن دیناریان وەکو پێشینە وەرگرتووە و تەنیا 597 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 811 ملیار دیناریش ماوە.
 
له پارێزگاکانی‌ سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، 107 هەزار و 230 كه‌س له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون؛ 1.5 تریلیۆن دیناریان وه‌كو پێشینه‌ پێدراوە؛ 857 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە و 735 ملیار دیناریان لەلا ماوە.
 
له‌ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 52 هەزار و 63 كه‌س له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون؛ 1.04 تریلیۆن دیناریان وەکو پێشینە وەرگرتووە؛ 335 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە و 684 ملیار دیناریشیان لەلا ماوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە