ژنێک لە ورمێ بە سکێک چوار منداڵی بوو

21-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژنێکی تەمەن 23 ساڵ لە ورمێ بە سکێک چوار منداڵی بوو. بەرپرسان دەڵێن، بە چەند شێوەیەک هاوکاریی ئەو خێزانە دەکەن.
 
ئەو ژنە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ دوو کوڕ و دوو کچی بە سکێک بوو. ئیحسان ریختەگەر، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگاکە بۆ کاروباری تەندروستی رایگەیاند، تێچووی نەشتەرگەرییەکە بۆ خێزانەکە دەگەڕێندرێتەوە و تاوەکو دوو ساڵیش شیری وشک بێ بەرامبەر بۆ منداڵەکان دابین دەکرێت.
 
لە چوارچێوەی یاسای پاڵپشتیی خێزان و سیاسەتی گەنجیی کۆمەڵگە، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هانی خێزانەکان دەدرێت منداڵی زیاتریان هەبێت، بۆیە وەک هاندانێک بۆ خێزانەکانی دیکە، حکومەت لە ناوچەی گۆلمانی ورمێ، پارچە زەوییەکی بەو خێزانە بەخشی.
 
هاوکات ئەو چوار منداڵە تاوەکو تەمەنی شەش ساڵی خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆشبژێوی دەیانگرێتەوە. 
 
رەسووڵ بابائیان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆشبژێویی پارێزگای ورمێ گوتی: ''تاوەکو تەمەنی ئەو منداڵانە دەگاتە شەش ساڵ، مانگانە نزیکەی چوار ملیۆن و 200 هەزار تمەن بە خێزانەکە دەدرێت؛ هەروەها ئەو خێزانە دەتوانن لە قەرزی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکە سوودمەند بن".
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەی تۆماری شارستانیی ورمێ، مانگانە نزیکەی چوار هەزار و 500 منداڵ لە سنووری ئەو پارێزگایە لەدایک دەبن، واتە لە هەر رۆژێکدا نزیکەی 144 منداڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە