رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی دادگەییکردنی شێروان شێروانی دەڵێت، "بۆ کشاندنەوەی نووسراوێک لەبارەی ئازادبوونی مەرجدار، پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گۆهدار محەممەد ئەمین) کردووە، واتە نووسراوی ئاسایی تەزویرکردووە و بەکاریشی هێناوە، کەواتە تاوانی کردووە و لە قۆناخی دادگەییکردنیش سەلمێندراوە، بۆیە بۆ ماوەی چوار ساڵ سزادرا."
رۆژی یەکشەممە 23-07-2023، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کەیسی شێروان شێروانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دواى ئەوەى هەریەکە لە سزادراوان (ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محەممەد، شێروان ئەمین نعو، شڤان سەعید عومەر و گوهدار محەممەدئەمین) داواکارییەکیان بۆ پێدانى ئازادکردنى بە مەرج (افراج شرطى) پێشکێشکرد لە دواى داواکارییەکەیان دەست بە رێکارەکان کرا بۆ پێدانى ئازادبوونى بەمەرج."
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، "دواتر سزادراو شێروان ئەمین نعو، داواکارییەکى پێشکێشى توێژەرى کۆمەڵایەتى کرد بە ناوى پێنج سزادراو بە مەبەستى راگرتنى ئازادکردنی بە مەرج کە پێشتر سزادراوەکان داوایان کردبوو و بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەمۆریان کردووە. توێژەرى کۆمەڵایەتى داواکارییەکەى بەرزکردەوە بۆ بەڕێوەبەرى چاکسازى گەوران، لەلاى خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیى گەوران ئەم داواکارییەى ناوبراوى ئاراستەى بەشى یاسا و داواکارى گشتى لە چاکسازییەکەى کرد سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەیان لە داواکردنى ئازادبوونى بەمەرج."
روونکردنەوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "هەردوو سزادراو (شڤان سەعید عومەر و گوهدار محەممەد ئەمین) بێئاگایی خۆیان نیشانداوە و کەسی دیکە لەجیاتی ئەوان پەنجەمۆریان کردووە، بۆیە چاکسازیی گەورانی هەولێر داوای کردووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە ئەم کارەیان کردووە، دوای وردبینی لە کەیسەکە، داواکاری گشتی بەپێی بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆی لە پاراستنی مافی گشتی، رێکاری یاسایی گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەو کەسەی بەم کارە هەستاوە و داوای جووڵاندنی کەیسەکەی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە."
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی یاسا و بنەماکانی دادگە، پەنجەمۆرکردن یان واژۆکردنی هەر داواکارییەکی کەسێک لەجیاتی کەسێکی دیکە و پێشکێشکردنی ئەو داواکارییانە رێگەپێدراو نییە و دژ بە یاسایە."
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023، شێروان شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزادرا، بە مادەیەکیان دوو ساڵی و شەش مانگ و بە مادەیەکی دیکەیان ساڵێک و شەش مانگ.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر، هەریەک لە نوێنەری یوونامی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داواکاری گشتی و چەند پارێزەرێکی (شێروان شێروانی) ئامادەبوون، بەپێی مادەکانی (289-298) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی (1969)ـی هەموارکراو، گوتە لە شێروان ئەمین نعو ناسراو بە شێروان شێروانی وەرگیراوە."
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بێت، "بە پشتبەستن بە هەبوونی بەڵگەی پێویست، دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تاوانی سێى هەولێر کراوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان، تۆمەتی تەزویرکردن و بەکارهێنانی دەقی تەزویرکراو ئاراستەی گومانلێکراو شێروان شێروانی کرا و دواتر دادگە گوێبیستی داواکاری و خواستی داواکاری گشتی لە دادگەی تاوانی سێى هەولێر بوو و داواکرا کە پاڵپشت بە مادەی 142 لە یاسای سزاکان وەسفی تاوانەکە لە (298/289) بکرێتە ( 298/295)ـی یاسای سزاکان و تۆمەتی ئاراستە کراوە."
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "بەڵگەی تاوان سەلماندوویەتی کە داواکاری پەشیمانبوونەوە بە دەست و خەتی (شێروان شێروانی) نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گۆهدار محەممەد ئەمین) کردووە، واتە نووسراوی ئاسایی (محرر عادی) تەزویرکردووە و بەکاریشی هێناوە، کەواتە تاوانی کردووە و لە قۆناخی دادگەییکردنیش سەلمێندراوە، واتە (دليل و قرينە) هەیە و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت."
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، "پڕۆسەی دادگەییکردنەکە لە 20ـی تەممووزی 2023 بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بە سزادانی (شێروان شێروان) بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ، بەپێی مادەی 295 لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (تزویر المحررات العادیە)، هەروەها بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ بەپێی مادەی 298 لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (استعمال محرر مزور) سزادرا، واتە کۆی گشتی سزاکە چوار ساڵە و بڕیارەکەش لە روو ئاشکرا دەرچووە و قابیلی پێداچوونەوەیە."
دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت.
رۆژی هەینی 21-7-2023 کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان- سی پی جەی هەواڵێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی، هاونیشتمانی خەڵکی دهۆک بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "پێش دەستگیرکردنی، بەرۆشکی رەخنەی لە حوکمی درێژکراوەی شێروان شێروانی، رۆژنامەڤانی زیندانیکراو گرت و داوای خۆپێشاندانی کرد لە بەرامبەر ئەو بڕیارە."
شەریف مەنسوور، هاوئاهەنگیکاری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای سی پی جەی رایگەیاند، "پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق واز لە هەڵمەتی ترساندن بەرامبەر میدیا بهێنن و رێگە بە هەموو رۆژنامەڤانان بدەن بۆ ئەوەی ئازادانە کاربکەن."
هاوکات رۆژی 22-7-2023 رێکخراوی "سی پی تی" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە سلێمانی گوتی، "نیگەرانین لەو مامەڵەیەی لەگەڵ زیندانیان دەکرێت. نیگەرانین لە بەکارهێنانی ئەشکەنجە، دۆخی دەستگەیشتنیان بە پاڵپشتیی پزیشکی و سەرچاوەی یاسایی."
سی پی تی رەخنەی ئەوەی گرت کە گوایە سیستمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان "سەربەخۆ و ئازاد نییە" و دەستوەردانی سیاسی تێدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ