رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین دابەش بکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، لە "رۆژانی داهاتوودا" دەرماڵەی خوێندکارانی تەواوی زانکۆکان خەرج دەکرێت.
سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ خوێندکاران دەتوانن سەردانی یەکەی ژمێریاریی کۆلێژەکانیان بکەن بۆ ئەوەی دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022 وەربگرن.
لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و دهۆک و زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیستی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران لە زانکۆکانەوە دێتە لای ئێمە. ئێمەش رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ رەزامەندیدان".
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری کارگێڕیی و دارایی هەموو زانکۆکان بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران چووەتە لایان و ئەوانیش رەوانەی وەزارەتی داراییان کردووە و رەزامەندی لەسەر زۆربەیشیان دراوە. گوتیشی، "لە رۆژانی داهاتوودا بۆ هەموو زانکۆکان بێ جیاوازی، پارەی پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران خەرج دەکرێت".
رۆژی 22ـی شوباتی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەکو پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان؛ کە پارەکە جگە پێدانی پاڵپشتیی دارایی بۆ خوێندکاران، بەشێکی دیکەی بۆ خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان خەرج دەکرێت.
بڕی پاڵپشتیی دارایی بۆ خوێندكارانی نێو شار 40 هەزار دینارە و بۆ بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ