رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، فڕۆکەی تورکیا سنووری گوندی مەرانێ -ی لە ناحیەی چەمانکێ بۆردوومان کرد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناحیەکەش دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ناسر عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 17:15ـی ئێوارە بووە و فڕۆکەی تورکیا دووجار لەسەر یەک سنووری گوندی مەرانێ -ی لە پارێزگای دهۆک بە دووری 10 کیلۆمەتر لە ناحیەی چەمانکێ بۆردوومان کرد.
هاوکات سەعید سیدەری، هاونیشتمانییەکی خەڵکی چەمانکێیە، لەبارەی ئەو بۆردوومانەی فڕۆکەی تورکیا ئەمڕۆ شەممە 23-07-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی گوندەکە دروستکردووە.
ئەو بۆردوومانەی فڕۆکەی تورکیا لەکاتێکدایە کە رۆژی 20-07-2022 تورکیا شوێنێکی گەشتیاری لە گوندی پەڕەخی سنووری زاخۆ تۆپباران کرد و بەهۆیەوە 9 گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26ـی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ