رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەرپرسێکى عەرەب لە دیوانى پارێزگاى کەرکووک دووردەخرێتەوە و ناوى ئەو شوێنەش دەگۆڕدرێت کە بەرپرسی بووە. هاوکات لێژنەیەکى وردبینى لە بەشە کارگێڕی و یاساییەکانى پارێزگاکە پێکدەهێنرێت.
بەگوێرەى فەرمانێک کە لە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە ئاراستەى دیوانى پارێزگاى کەرکووک کراوە، رەزامەندیى محەممەد شیاع سوودانى پێگەیاندوون لە بارەى راسپاردەى لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە کە لەسەر دەستەى راوێژکاران لەو دیوانە پێکهێندراوە.
بە گوێرەى نووسراوەکە، عیماد خەلەف دەهام لە پۆستى سەرۆکى دەستەى راوێژکاران لادراوە، بەپاساوى ئەوەی یاسای رێکخستنى فەرمانبەرانى دەوڵەتى پێشێلکردووە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لەو دۆسیەیە لە کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: عیماد خەلەف دەهام لە دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر ئەو پۆستەى وەرگرتووە و لە 11ى حوزەیرانەوە لە پۆستەکەى لادراوە.
بە گوێرەى بڕیارەکە، لێژنەیەکى وردبینى پێکدەهێندرێت بۆ وردبینی بەشە کارگێڕی و یاساییەکانى پارێزگاى کەرکووک بۆ زانینى شێوازى کارکردنیان و ئاڕاستەکردنیان بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى یاسایی کاربکەن.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە کە لەو نووسراوەى نووسینگەى سەرۆکوەزیراندا هاتووە، ئەوەیە ناوى دەستەى راوێژکاران بگۆڕدرێت بۆ دەستەى راوێژکاری و ئەو کەسەى بەرپرسی دەستەکە دەبێت ناونیشانەکەى لە برى راوێژکار دەبێتە شارەزا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ