رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا داوای کردووە کار بەو نووسراوانەی پەرلەمان لە بارەی دانیشتنەکەی دوێنی پەرلەمان نەکەن، ئەگەر واژۆی ئەوی لەسەر نەبێت.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-05-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت کردووە؛ کار بە هیچ نووسراوێکی پەرلەمانی نەکەن، ئەگەر واژۆی خودی سەرۆکی پەرلەمانی لەسەر نەبێت".
لوقمان وەردی گوتیشی "ئەمڕۆ ئێوارە لە دەباشان و لە ماڵی مام جەلال، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دەربڕین و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و سوپاس و دەستخۆشی بۆ فراکسیۆنی یەکێتی، پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی دەکات".
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو، کە ماوەی یاسایی ئەندامیێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە.
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان گوتی "ئەوەی دوێنێ روویدا، هەڵبژاردن و دەنگدان نەبوو، ئەوەی روویدا شەڕ بووە و هیچ فراکسیۆنێک دانی پێدانانێت، ئەگەر پارتی بە سێ کۆمیسیاری خۆی دەچێت کار بکات، ئەوە پیرۆزی بێت".
پێشتر پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێککەوتبوون کە بە هەمان پێکهاتەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە، بەو مەرجەی هەر لایەنێک ئازاد بێت لە گۆڕینی نوێنەرەکەی تێیدا، بەڵام بەهۆی تاکە خاڵی ناکۆکی نێوانیان کە 11 کورسی پێکهاتەکانە، یەکێتی رەزامەند نەبوو بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و داوا دەکات چوار کورسی پێکهاتەکان بۆ سلێمانی بێت، دواتر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رای جیاوازی لەنێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەماندا دروستکردووە؛ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا، شەوی رابردوو (دووشەممە، 22-5-2023) میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و جەختی کردەوە لەوەی، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن "بابەتێکی تەواو یاسایی و پەیڕەوی" بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ