رووداو دیجیتاڵ
لە ئاکامی بەریەککەوتنی ئۆتۆمبیلێک و کامیۆنێک لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە 23-4-2023 لە رێگەی بازنەیی جزیر-ئیدیل روویدا. یەکێک لە ئۆتۆمبیلەکان سەر بە کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا بوو و ئۆتۆمبیلەکەی دیکەش سڤیل بوو. شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە 'محەممەد شاهـ سەچکین' و 'مەسعود ئارسۆکای' تەمەن 13 ساڵ لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا. هەروەها هەشت کەسیش کە بریندار بوون، گواسترانەوە نەخۆشخانەی جزیر.
تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لیکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 روویداوی هاتوچۆ روویانداوە. هەزار و 919 لەو رووداوانە گیانلەدەستدانی تێدا هەبووە. هەروەها لە 195 هەزار و 11 رووداودا برینداربوون تۆمارکراوە. لەو رووداوە هاتووچۆیانەی ساڵی 2022 بە گشتی 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ