بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری، ژمارەیەک خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان مووچەیان پێنەدرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێناس ساڵح
دوو خانەنشین چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەکانیانن. وێنە: رووداو
دوو خانەنشین چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەکانیانن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سلێمانی ژمارەیەک لە خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان بەهۆی نەبوونی بایۆمەتری، مووچەیان پێنەدرا. بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، مووچەی ئەو کەسانە نافەوتێت، بەڵام سەردانمان بکەن بۆ رێکاری ئیداری و بانکی.
 
ئەمڕۆ 18-12-2024، مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێوە ژمارەیەکی زۆر کەسوکاری شەهیدان سەردانمان دەکەن کە مووچەکانیان پێنەدراوە، ژمارەیەک لەوانە بایۆمەتریشیان کردووە، بەڵام دەبێت سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی نووسراویان بۆ بکەین لە بانکێک هەژماریان بۆ بکەنەوە، ئەوانەشی بایۆمەترییان نییە دەبێت بۆیان بکەین".
 
گوتیشی: "ئەوانەی کە مووچەکانیان راگیراوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شەهیدان بکەن کارتی نیشتمانی و وارسی شەهیدەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، فۆرمێکی بۆ پڕدەکەینەوە و دەینێرین بۆ بانک، لەوێ پاش رێکارە بانکییەکان دووبارە ئاڕاستەی ئێمەیان دەکەنەوە و پاشان لێرە رێکارەکانی دیکەی بۆ تەواو دەکەین، ئەو کات دەتوانن بڕۆن مووچەکانیان وەربگرن".
 
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوێنێ سێشەممە، هەریەکە لە خانەنشینانی شارستانی، خانەنشینانی پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و زیندانییە سیاسییەکان مووچەی مانگی 10ـی ئەم ساڵیان دابەشکرا.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنی 17-12-2024، کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و پەسندکردن. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لەو بڕیارانە "ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیدا، کە پشت بە ئەنجامی تۆمارکردنی بایۆمەتریی (UPN) ببەسترێت، وەک ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دا".
 
بایۆمەتری واتە پەنجەمۆر و بەسمەی چاوی مووچەخۆران. هەروەها UPNیش ئەوەیە، هەر فەرمانێک کۆدێکی وەزیفی هەیە، ئەو کۆدە لێبدرێت، تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرە تێدایە. دەبێت هەر فەرمانبەرێک یەک ژمارەی وەزیفی هەبێت، ناونیشان و پلەی فەرمانبەرایەتی لە خۆدەگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە