رووداو دیجیتاڵ
لیستی گرین مەتریکی زانکۆ سەوز و ژینگەپارێزەکانی جیهان بڵاوکرایەوە، زانکۆی کۆیە تاکە زانکۆی حکومیی هەرێمی کوردستانە لەو لیستەدا. زانکۆی جیهانیش وەکو زانکۆیەکی تایبەت، لە لیستەکەدا هەیە.
د. محەممەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان ساڵی 2023 دەستیان بە هەوڵێکی لەمجۆرە کرد و ئایاری 2024 دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی 'زانکۆی سەوز' راگەیاند و کاریان کرد بۆ ئەوەی زانکۆی کۆیە بخرێتە لیستی جیهانیی گرین مەتریک.
دواجار زانکۆی کۆیە خرایە لیستی 2024ـی گرین مەتریک و سەرۆکی زانکۆکە لەمبارەیەوە گوتی "لەو پێشبڕکێیەدا چەند خاڵێک لەبەرچاو دەگیرێن کە پێویستە لە زانکۆکاندا کاریان لەسەر کرابێت، بۆ نموونە رێژەی سەوزایی، سوودوەرگرتن لە پانتایی زەوی، دانانی سیستمی ساردی و گەرمی لە بەشە نێوخۆییەکاندا، بەکارهێنانی سۆلار سیستم (بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر)، گلدانەوەی ئاوی باران و کۆمەڵێک پێوەری دیکە. ئێمە لەبەرئەوەی ئەم رێکارانەمان جێبەجێ کردن، بۆیە خراینە ریزبەندییەکەوە."
د. محەممەد حەسیب دەڵێت، زانکۆی کۆیە بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکات باڵەخانەکانی لەسەر ستانداردی 'دۆستی ژینگە' بن و کەمترین وزەی کارەبایان تێدا بەکاربهێندرێت. "زانکۆی کۆیە لە بابەتی سۆلار سیستمیشدا هەنگاوی جددیی ناوە."
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی مەرجەکان و چۆنیەتیی سەلماندنی ئەوە لای ستافی هەڵسەنگاندن، سەرۆکی زانکۆی کۆیە گوتی "ئەوان چاودێریی هەنگاوەکان دەکەن و پێویستە لینکی هەواڵی تایبەت بە جێبەجێکردنی مەرجەکان هەبێت. بۆ نموونە زانکۆی کۆیە ئەندامی تۆڕی کاریگەریی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەمە شتێک نییە لەخۆمانەوە بریاری لەسەر بدەین، بەڵکو لە ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوکراوەتەوە".
سەرۆکی زانکۆی کۆیە گوتی، ئەوان جگە لەم هەوڵە، چەندین پلانی دیکەیان هەیە، بەتایبەتیش لە قۆناخی داهاتوودا گرنگیی زۆر بە پەرەپێدانی تواناکانی مرۆیی دەدەن.
لە زانکۆی کۆیە، ستافێکی تایبەت بە ریزبەندی و هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی زانکۆکە لە ریزبەندییە جیهانییەکاندا هەیە.
د. عەبدوڵڵا عوسمان، لێپرسراوی هۆبەی ریزبەندیی زانکۆی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ریزبەندیی 'گرین مەتریک' تایبەتە بە زانکۆ سەوز و ژینگەپارێزەکانی جیهان و ساڵانە بڵاودەکرێتەوە.
گرین مەتریک لە ساڵی 2010ـوە هەیە، ئامانجیی پۆڵێنکردنی زانکۆکانی جیهانە لەڕووی سەوزایی و ژینگەدۆستییەوە.
محەممەد سەیدگوڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، زانکۆی کۆیە زووتر پلانی داناوە، بۆ ئەوەی بازاڕکارییەکی باش بکات و لە پێشبڕکێ جیهانییەکاندا رکابەری بکات.
محەممەد سەیدگوڵ هەروەها گوتی "زانکۆی کۆیە ئەمساڵ لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان بەشداریی لە کۆپ29 کرد، کە تێڕوانین و دیدگەی زانکۆکەمان بووە جێی بایەخی ئامادەبووان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان."
پێوەرەکانی ریزبەندیی گرین مەتریک:
1- ژێرخان
2- وزە و گۆڕانی ئاو و هەوا
3- بەڕێوەبردنی پاشماوەکان
4- بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو
5- هۆیەکانی گواستنەوە
6- پەروەردە و توێژینەوە
گرین مەتریک رۆژی 12-12-2024 ریزبەندیی تایبەت بە زانکۆ سەوز و ژینگەپارێزەکانی جیهان بڵاوکردەوە. ریزبەندییەکە 1477 زانکۆی لەخۆگرتووە.
لەو ریزبەندییەدا زانکۆی کۆیە وەکو یەکەمین زانکۆی حکومی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی 920ـی ریزبەندییەکەدایە.
هەروەها زانکۆی جیهان کە زانکۆیەکی تایبەتیی هەرێمی کوردستانە لە ریزبەندەکەدایە. زانکۆی جیهانی سلێمانی پلەی 798 و زانکۆی جیهانی هەولێریش پلەی 1232ـی ریزبەندی گرین مەتریکیان گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ