رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئیفرازی ناحیەی کەورگۆسک، بەهۆی شۆرتی کارەبا ئاگر لە پەلەوەرخانەیەک کەوتەوە، لەئەنجامدا 23 هەزار مریشک سووتان.
تەواوی پەلەوەرخانەکە لەماوەی 30 خولەکدا بووەتە خۆڵەمێش.
عەبدولسەمەد کانەبی، خاوەنی پەلەوەرخانەکە لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکە دەڵێت، "کاژێر 09:30 خولەک بوو پاسەوانی پەلەوەرخانەکە تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی پەلەوەرخانەکە سووتا، تاوەکو گەیشتم هیچی نەما و هەمووی سووتا. هەروەکو تەقینەوەیەک بوو؛ لە 23 هەزار مریشک، یەکی لێ دەرنەچوو".
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی خاوەنی پەلەوەرخانەکە، رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە زیانی نزیکەی 100 هەزار دۆلاری پێگەیاندوون.
ساڵح قادر، هاوبەشی خاوەنی پەلەوەرخانەکەیە و لەبارەی زیانی ئاگرەکەوە باس لەوە دەکات، "زیانەکەی زۆرە و ئەگەر وا بڕوات، ناتوانین دووبارە پەلەوەرخانەکەمان دابنێینەوە و دەست بە کارەکانمان بکەینەوە."
هەروەها گوتی "من، پێشتر مۆڵەتم دەرهێناوە، ئەوکات تەنیا گوتیان ئاگرکوژێنەوەتان هەبێت، دواتر رێنماییەکان گۆڕان دەبێت سیستەمی ئاگر کوژێنەوەش دابنێین."
بەرگریی شارستانی کەورگۆسک، هۆکاری سووتانی پەلەوەرخانەکە بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێنێتەوە.
دەشڵێت، باڵەخانەی پەلەوەرخانەکە بەگوێرەی رێنماییەکان دروستنەکراوە و سیستمی ئاگرکوژێنەوەیان نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ