دیلان غەفوور: کێشەی زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک نەبووەتە ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

23-04-2023
هیدایەت جان
گفتوگۆ لەبارەی کێشەی زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک
گفتوگۆ لەبارەی کێشەی زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، ئەو گرژییانەی ناوە ناوە لە ناوچە دابڕاوەکان دروستدەبن، تەنیا لە رێگەی یاساوە بنبڕدەکرێن و پەرلەمانتارێکی عێراقیش رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا حکومەت پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی نەناردووەتە پەرلەمان و دەشڵێت: "چارەسەری کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد لە سنووری مادەی 140 نەبووە بە ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، لەنێوان هاونیشتمانییانی گوندی پەلکانە و عەرەبە هاوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو، دواتر عەرەبە هاوردەکان بۆ پشتیوانی خۆیان ژمارەیەکی زۆر عەرەبیان بردە گوندەکە و ئاڵۆزییەکان پەرەیان سەند، بەو هۆیەوە رۆژی شەممە هێزێکی پێشمەرگەی میحوەری 5 لە سنووری کەرکووک بەرەو نزیکی گوندەکە جووڵەی پێکرا.
 
رۆژی یەکشەممە 23ی نیسانی 2023، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گوندی پەلکانە دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان میوانی بوولتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوون کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد. 
 
ئەو کێشانەی لە پەلکانە ناوە ناوە سەرهەڵدەدەنەوە لە بڕیاری 149ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعسەوە دەستیپێکردووە کە ساڵی 1977 بڕیارەکە دراوە و بەپێی بڕیارەکە، ئەو زەییانەی موڵکی کوردن، لێیان وەردەگیرێتەوە و بۆ هەر دۆنمێک 20 دیناری عێراقییان پێدەدرێت و زەوییەکان دەخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی دارایی عێراق. 
 
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو زەوییانە لە کورد وەرگیراونەتەوە و خراونەتە سەر وەزارەتی دارایی، جارێکی دیکە دابەشکراونەتەوە سەر عەرەبی هاوردە، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانی دیموگرافیی ناوچەکە.
 
دیلان غەفوور پێیوایە، بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، سەرجەم ئەو زەوییانە دەگەڕێنەوە سەر ناوی خاوەنەکانیان کە کوردن و دەشڵێت: "ئەو بڕیارەش دەبێت بە یاسا هەڵبوەشێنرێتەوە، واتا حکومەت پرۆژەیاسایەک رەوانەی پەرلەمان بکات و پەسند بکرێت." 
 
لە خولی سێیەمی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش کرا، بەڵام نەخرایە دەنگدانەوە. دیلان غەفوور باس لەوە دەکات کە کورد توانیویەتی لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی کار لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرۆژەیە نەگەیشتووەتە پەرلەمان.
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیدا، دەبێت شاندی هەرێمی کوردستان بەتایبەت بۆ چارەسەریی کێشەی زەویوزاری کورد لە سنووری مادەی 140 بچێتە بەغدا و ئەو بابەتە ببێت بە پرسی ستراتیژیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دووپاتیدەکاتەوە: "تاوەکو ئێستا ئەو پرسە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە بە ستراتیژ و هیچکات شاند بەتایبەت نەنێردراوەتە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری مادەی 140." 
 
بە گوتەی دیلان غەفوور، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کاتێک پرۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی بریارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش گەیشتە پەرلەمان، بە خێرایی بیخەنە کارنامەی کاری پەرلەمانەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتەوە نەنێردراوەتە پەرلەمان و دەشڵێت: "پێویستە کورد لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گوشار دروستبکات بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە بنێردرێتە پەرلەمان." 
 
هەروەها وەکو محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی پێدەدات، پێشتریش سوپای عێراق لە پەلکانە و سەرگەڕان بوون، بەڵام رۆژی جەژن کە کێشە لەنێوان کورد و عەرەبە هاوردەکانی ناوچەکە دروستبوو، عەرەبەکان کەسوکاری خۆیان لە ناوچەکانی دیکەوە هێنا بۆ ئەوەی پەلاماری جووتیارانی کورد بدەن.
 
محەممەد ئەمین گوتی: ئێمەش وەزارەتی پێشمەرگەمان ئاگادارکردەوە و دوای هەڵوێستی هێزی پێشمەرگە، عەرەبە هاوردەکان گەڕێندرانەوە، بەڵام سوپای عێراق تاوەکو ئێستا هەر لەوێ ماون. 
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان پێیوایە، ئەو گرفتانە بە جووڵاندنی هێز و هەڕەشە، رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی چارەسەر بکرێت، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی لە رێگەی یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارانەیە کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەو دۆخەی ئێستا لە ناوچە دابڕاوەکان هەیە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە