رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 22 هەزار هاونیشتمانی فۆرمی وەرگرتنی شووقەی بێ پێشەکییان لە هەرێمی کوردستان پڕکردووەتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون رایدەگەیێنێت، 30ـی ئەم مانگە دوایین مۆڵەت دەبێت پڕکردنەوەی فۆرمەکان.
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023 مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆرترین فۆڕم کە پڕکراونەتەوە لە هەولێرن و نۆ هەزار و 233 فۆڕمن. لە سلێمانی حەوت هەزار و 989، لە هەڵەبجە 327 و لە دهۆک دوو هەزار و 445 فۆرم پڕکراونەتەوە.
لەبارەی ئیدارە سەربەخۆکان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 514؛ لە زاخۆ 460؛ لە گەرمیان هەزار و 259؛ لە راپەرین 229 و 137 فۆرمیش پڕکراونەتەوە دیار نییە لە چی پارێزگا و ئیدارەیەک پڕکراونەتەوە.
ژمارەی شوقەکان کە بەبێ پێشەکی دەدرێنە هاونیشتمانییان 9004 شوقەیە؛ بەشێکیان 95٪ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80٪ و بەرەو خوارتر تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13٪. مەریوان مەلا حەسەن گوتی، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 30ـی تشرینی دووەم دوایین مۆڵەتە لە بەردەستی هاونیشتمانییان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکە نیشتەجێبوونەکان.
کۆتایی مانگی رابردوو، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 1ی مانگی 12وە بۆ ماوەی مانگێک سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و جیاکردنەوەی ناوەکان دەبن، بۆئەوەی شوێنەکان جیابکەنەوە بەگوێرەی ئەو شوێنەی کە داواکراوە.
لەبارەی کاتی تەواوبوونی شوقەکان توانا بەشیر گوتی، "ئێستا بەشێکی کەمیان کاریان تێدا دەکرێت. بۆ تەواوکردنی هەموویان چاوەڕوانین بودجەی وەبەرهێنان لە عێراقەوە بێت."
نرخی شوقەکان جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە. بەگوتەی توانا بەشیر، هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر دۆلار) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ