رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان شەڕە تەقە لە نێوان دوو گرووپدا روویدا، بەو هۆیەوە گەنجێک کوژرا و کەسێكی دیکەش برینداربوو.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 22ـی ئەیلوولی 2023 لە گەڕەکی "گونەش" لە ناوچەی "شاهینبەی" لە ناوەندی شاری دیلۆک روویدا. بە هۆکارێکی نەزانراو دەمەقاڵێ لە نێوان دوو گرووپدا روویدا و دواتر بووە شەڕیان.
لە کاتی شەڕەکەدا کەسێک بە ناوی مستەفا یەتەر، کە تەمەنی 19 ساڵە، لەگەڵ کەسێكی دیکە کە هێشتا ناوەکەی نەزاندراوە، برینداربوون.
پۆلیس و تیمە پزیشکییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری "شاهینبەی".
مستەفا یەتەر بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و بریندارەکەی دیکەش لە ژێر چاودێری پزیشکدایە.
ناسنامەی تەقەکەرەکان هێشتا دەستنیشان نەکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. هەوڵەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان بەردەوامە کە لە دوای رووداوەکە هەڵاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ