رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، "دەوروبەری کاژێر 8:30ی بەیانیی ئەمڕۆ، درۆنێک لە سنووری پشدەر کەوتەخوارەوە، بەڵام نازانین لە کوێوە ئاراستە کراوە و هێزەکانی ئاسایش بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کردووە."
رۆژی پێنجشەممە 22-06-2023 ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "درۆنەکە ئاراستەی گوندێکی ناحیەی ژاراوە کراوە و ئەوەندەی ئاگاداربین هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە."
بە گوتەی قایمقامی قەزای پشدەر، ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی رووداوەکە نییە و هێزەکانی ئاسایش سەردانی شوێنەکەیان کردووە بۆئەوەی راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن و ئەوان ئاگاداری وردەکارییەکەن، دەشڵێت، "نازانین درۆنەکە لە کوێوە ئاراستە کراوە."
درۆنەکە لە سنووری گوندی شەروێت کەوتووەتە خوارەوە کە شەش کیلۆمەتر لە شارۆچکەی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەر دوورە. هەر ئەمڕۆ ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین چووە گوندەکە و لەگەڵ هاونیشتمانییانی ئەو گوندە قسەی کرد.
هاونیشتمانییەک کە لە شوێنی رووداوەکە بوو بە رووداوی گوت، "ئەوە یەکەمجارە لە گوندەکە رووداوێکی لەو شێوەیە رووبدات، دەنگێكی بەهێز هات و دوای پێنج خولەک درۆنێک کەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، دواتر ئاسایش هاتن و درۆنەکەیان برد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ