رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکاندا، سێ کەس دەستگیرکراون و لیژنەکانیان چاودێری هەموو رێگەکان دەکەن هەر کەس لە شوێنی نافەرمی ئاژەڵ سەرببڕێت، سزادەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 22-06-2023 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سێ کەسە لە رێگەی گردەڕەشە کە دەکەوێتە سەر رێگەی کەرکووک ئاژەڵیان سەربڕیوە، بۆیە ئەمڕۆ هەرسێکیان دەستگیرکران."
بە گوتەی قایمقامی هەولێر، لیژنەکانی قایمقامیەت "بەوردی" چاودێری سەرجەم ئەو شوێنە نافەرمییانە دەکەن، کە ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێت.
تائێستا لە هەرێمی کوردستان چوار کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون (دوو لەپارێزگای هەولێر و دووش لە پارێزگای دهۆک) سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا و کەسێکیان دوای چارەسەری پزیشکی نێردرایەوە ماڵەوە.
بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک رێکاری نوێی بڵاوکردەوە، کە گرنگترینیان قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵە لە شوێنی نافەرمی.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2023 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکە لەبارەی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون گفتوگۆکرا، دوای کۆبوونەوەکە رزگار حەمەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، هەندێک رێکار و رێنماییان بۆ رووبەرووبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەرکردووە کە گرنگترینیان قەدەخەی جموجۆڵی ئاژەڵییە، واتا هاوردەکردن لە نێوان هەموو پارێزگا و ئیدارەکان رادەگیرێت تەنیا ئەو ئاژەڵانە نەبێت کە مۆڵەتی ڤێتێرنەریان هەیە، سەرجەم ئەو ئاژەڵانەش کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن، دەبێت 21 رۆژ کەرەنتین بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ