رووداو دیجیتاڵ
حەشدی شەعبی دەستی بە پێکهێنانى لیوایەکی دیکە لە سنوورى قەزاى شنگال کردووە کە لە زیاتر لە دوو هەزار چەکدار پێکدێت. بەگوتەى پەرلەمانتارێکى عێراقی پشکى ئەو قەزایە، ئەو هەنگاوە "مەترسییە" و، لایەنە پەیوەندارەکانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.
ماجید شنگالى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى قەزاى شنگال ئەمڕۆ (دووشەممە، 22-5-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، حەشدی شەعبی دەستى کردووە بە دروستکردنى لیوایەکى نوێ کە هاونیشتمانییانی شنگال و عەرەبی سنوورەکەیشی بۆ وەردەگرێت.
ماجید شنگالى گوتیشى، "ناونووسین و ئامادەکارى بۆ پێکھێنانى ئەو لیوایە دەستى پێکردووە کە لە زیاتر لە دوو هەزار کەس پێکدێت و بەشێکیان مووچەشیان وەرگرتووە".
پێشتر حەشدی شەعبی لیوایەکى لە قەزاى شنگالى سنوورى پارێزگاى نەینەوا دروستکردبوو، ژمارەى چەکدارەکانى ئەو لیوایەش زیاتر لە دوو هەزار کەسە.
ئەو هەنگاوەى حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، لە ساڵى 2020 رێککەوتنى شنگال لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق واژۆکرا، بەڵام بەشی زۆری بڕگەکانى جێبەجێ نەکراون، لەوانەش ئاسایینەکردنەوەی دۆخی ئەو قەزایە کە وایکردووە ئاوارەکان ئامادە نەبن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، لەکاتێکدا بەگوێرەى رێککەوتنەکە دەبێت هێزێکى پۆلیس لە هاووڵاتیانى شنگال دروستبکرێت بۆ وەرگرتنى بەرپرسیاریێتى ئەمنیی قەزاکە.
پەرلەمانتارەکەى پشکى شنگال ئاماژەى بەوەدا؛ لایەنە پەیوەندارەکانیان لە "مەترسیی" ئەو هەنگاوە لەسەر دۆخى شنگال ئاگادار کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ