گەشتوگوزاری سلێمانی: رێژەی هاتنی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە زیادیکردووە

22-04-2023
پەیمان محەممەد
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا گەشتیارێکی زۆر روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی 500 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە کە 60 هەزار کەس لەو رێژەیە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا گەشتیان کردووە.     
 
رۆژی شەممە 22-04-2023، ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی 500 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی پار هەر لەو ماوەیەدا، هاتنی 232هەزار گەشتیار بۆ سلێمانی تۆمارکراوە.
 
بەگوتەی ئارام شوانی، زیاتر لە 85٪ی ئەو گەشتیارانەی سەردانی سلێمانی دەکەن، هی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، بە پلەی دووەمیش گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پلەی سێیەمیش گەشتیارانی بیانین.
 
گەشتیاران بە مەبەستی جۆراوجۆر سەردانی ئەو پارێزگایە دەکەن؛ گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی لەوبارەوە دەڵێت، گەشتیاران بە مەبەستی ئایینی، چارەسەری پزیشکی و گەشتوگوزاری و بازرگانیش سەردانی سلێمانی دەکەن، بەڵام زۆرینەی گەشتیاران بریتین لەو کەسانەی کە بەهۆی جوانی سرووشتی سلێمانی گەشت دەکەن. 
 
ئارام شوانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە؛ دەشڵێت، "ئەگەر هەر گەشتیارێک تەنیا 100 دۆلار خەرج بکات، دەکاتە نزیکەی 6 ملیۆن دۆلار داهات بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی."
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی گرنگیی کەرتیی گەشتیاری لە رووی ئابوورییەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ''داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی خاوەنکاران، پیشەوەران و کاسبکارانی بواری گەشتیاریی پارێزگاکە و بۆ حکومەت نییە." 
 
لە 3ـی ئەم مانگەوە، تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داخستووە. ئارام شوانی پێیوایە داخرانی ئاسمانی تورکیا، کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری هەبووە و "ئەگەر ئەم گرفتە نەبوایە، رێژەیەکی زیاتر لە گەشتیاران روویان لە پارێزگای سلێمانی دەکرد، چونکە کۆمەڵێک کەس بۆ کاری بازرگانی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هاتووچۆ دەکەن کە دەکرێت وەکو گەشتیاریش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت." 
 
لە پارێزگای سلێمانی زۆربەی پڕۆژە گەشتیارییەکان لە ناوەندی شارەکانن و کەمترین پڕۆژە لە دەرەوەی شارەکان و ناوچە گەشتیارییە دوورەدەستەکان وەبەرهێنانیان بۆ کراوە؛ گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی "زۆربەی وەبەرهێنەران ناوێرن سەرمایەکەیان لە بوارێکدا بخەنەگەڕ کە تێچوویەکی زۆری هەبێت و رەنگە بە ماوەیەکی درەنگ پارەکەیان دەستبکەوێتەوە." 
 
ئارام شوانی گوتیشی، ''بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەکان، رۆتینات گرفتی سەرەکیی ئێمەیە. کە نووسراوێک بۆ سەرووی خۆت بەرز دەکەیتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکی گەشتیاری بگەیێنیتە ناوچەیەکی دوورەدەست، جار هەیە دوو بەڕێوەبەری گشتی دەگۆڕدرێت، بەڵام هێشتا وەڵامی نووسراوەکەت ناگەڕێتەوە، کاتێکیش دەگەڕێتەوە، دەبینی کە رەتکراوەتەوە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کلاشینکۆفانەی دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە کرماشان دەست بەسەر 84 کلاشینکۆف و دەمانچەدا گیرا

حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتی و شۆڕشی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە گەرەکێکی شاری کرماشان تۆڕێکی مامەڵەکردن بە چەک هەڵوەشێنرا و چوار کەس لە ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیرکران.