رووداو دیجیتاڵ
دروستبوونی درزێک بە درێژایی چەند کیلۆمەترێک لە ناوچەکانی باڕش، دەیرمەنکایا، نەرگەلە و ئاشاغی ئیچمەلەری لە سنووری پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان، زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.
دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە بە "کارەساتی سەدە" وەسف دەکرێت، درزێکی قووڵ لە چیاکانی شارۆچکەی ئەکینۆزو دروستبوو. ئەو شارۆچکەیە لە ئەنجامی بوومەلەرزە 7.6 و 7.7 پلەییەکانی مەرەش زیانی زۆری بەرکەوت.
بیلال ئەکەر، سەرۆکی شارەوانی ئەکینۆزو رايگەیاند بوومەلەرزەکە زیانی بە کشتوکاڵ و زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناوچەکەش گەیاندووە.
ئەکەر هەروەها رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دوای بوومەلەرزەکە دەرکەوت 70٪ـی خانووەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە و گوتی "لە راستیدا ناوەندی سەرەکیی بوومەلەرزەی دووەم ئەکینۆزویە. ئەو درزبردنەی لە نزیک ئاشاغی ئیچمەلەرەوە دەستیپێکردووە و لە هەندێک شوێندا رۆچوونی لەگەڵدایە تاوەکو شارۆچکەکانی نوورهاک و گۆکسون درێژبووەتەوە".
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە مەرەشی باکووری کوردستانیان دا. بوومەلەرزەکان 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان گرتەوە.
بەگوێرەی دوایین ئامار کە سولەیمان سۆیڵو، وەزیری نێوخۆی تورکیا ئەمڕۆ 22-4-2023 باسی رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەرەش و دەوروبەری گەیشتە 50 هەزار و 783 کەس کە 7 هەزار و 302ـیان کۆچبەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ