رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنووری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ماوەی 10 رۆژە کارەکانیان لە قەزای دووکان و پیرەمەگروون راگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024، شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بۆ خزمەتگوزاری و پاککردنەوەی شاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵی کارمەندەکانمان خەرج نەکراوە."
کۆمپانیای شکار زیاتر لە 900 کارمەندی لەنێو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی هەیە کە لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە ئەرکی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانییان لە ئەستۆدایە.
شکار شۆڕش دەڵێت: "پارەی کارمەندانی نێو شار خەرجکراوە، بەڵام شارەوانی پێیگوتین پارە بۆ کارمەندانی دەرەوەی شار نەماوە، بۆیە 10 رۆژە کارەکانمان لە دووکان و پیرەمەگروون راگرتووە."
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار، شارەوانیی سلێمانی پێیگوتوون 25 بۆ 26ـی ئەم مانگە مووچەی کانوونی دووەمی کارمەندانی دەرەوەی شاریان بۆ دابین دەکەن. دەشڵێت: "هەر کاتێک مووچەیان خەرجکرد، دەگەڕێینەوە سەر کارەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ