بەشێکی شەقامەکانی دەوروبەری قەڵای هەولێر بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل دادەخرێن

22-02-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، شەقام و رێگەکانی دەوروبەری قەڵای هەولێر و ناو بازاڕی شار بەگشتی رێکدەخرێنەوە، بەشێوەیەک سیمایەکی گەشتیاری و رێکتر بە هەولێر ببەخشن، دەشڵێت: "زێدەڕۆییەکان ناهێڵدرێن و بەشێکی شەقامەکان دەبنە شەقامی پیادە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل تێیاندا نامێنێت."
 
نەبەز عەبدولواحید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر و تۆکمە بۆ رێکخستنی ناو شار و چارەسەرکردنی جەنجاڵیی شەقامەکان و برەودان بە جوانی و سیمای شارستانیی قەڵای هەولێر، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-2-2023) لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسانی پارێزگای هەولێر کۆبووینەوە.
 
نەبەز عەبدولواحید گوتی "لەپێناو رێکخستنی شار و ناو بازاڕ دەستدەکرێت بە هەڵگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان بەشێوەیەک کاریگەریی لەسەر کار و بژێوی خەڵک نەبێت، جگە لەوە؛ بەمنزیکانە دەستدەکرێت بە بڕینی ژمارەیەک شەقامی دەوروبەری قەڵا لەبەردەم هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا و تەنیا تایبەت دەکرێن بە پیادە (هێشتا بڕیار نەدراوە ئەو شەقامانە کامانەن)".
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. سەرباز نەجیب، راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتی "كرداری پەرەپێدانی چەقی شار" خوێندرایەوە، كە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادە كرابوو، پاشان راپۆرتی "پلانی ڕێكخستنەوەی هاتووچۆی دەوروبەری قەڵا" خوێندرایەوە، كە لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر ئامادە كرابوو. دواتر گفتوگۆی چڕ لەسەر هەردوو راپۆرت كرا و هەموو تێبینییەكان خرانە سەر راپۆرتەكان.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "دووكانەكانی موڵكی شارەوانی، جارێكی دیکە رێكدەخرێنەوە كە سیمایەكی شارستانی بدەن و بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت و رەچاوی باری تەندروستیی هەموو تەمەن و توێژە جیاوازەكان دەكرێت".
 
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها بڕیار درا لە ماوەی هەفتەیەكدا هەموو تێبینییەكان ئامادەبكرێن و هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەم رێكخستنەوەیە، واژۆی لەسەر بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
ماوەی چەند ساڵێکە لەژێر چاودێریی رێكخراوی یونسكۆ، دەستكراوە بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی قەڵای هەولێر، كە چەند قۆناخێك دەخایەنێت. ساڵێك بەر لە دەنگدان و دانپێدانانی كۆمیسیۆنی كەلەپووری جیهانی لە رێكخراوی یونسكۆ بە قەڵای هەولێر وەك شوێنەوارێكی جیهانی، لەساڵی 2013 دەروازەی باشووری قەڵای هەولێر رووخێندرا و بەشێوازە بیناسازییە رەسەنەكەی دروستکرایەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شەوێکی هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

کەشناسێک: ئەمشەو شەپۆلێکی چڕی تەم سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە

کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەمشەو شەپۆلێکی چڕی تەم هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەتایبەتی ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.