رووداو دیجیتاڵ
گەورەشارەوانیی ئامەد ناوی ئەو کۆڵانەی کردە 'تاهیر ئەلچی' کە رۆژی 28-11-2015 تێیدا تیرۆر کرا.
گەورەشارەوانیی ئامەد و شارەوانیی سوور کە هەردووکیان لەلایەن دەم پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن، بڕیاریان دا ناوی ئەو کۆڵانە بکەنە 'تاهیر ئەلچی' کە ساڵی 2015 تاهیر ئەلچیی بە شێوەیەکی تەمومژاوی تێدا تیرۆر کرا.
ئەو کۆڵانە کە ئێستا 'یەنیکاپی' ناوەکەیەتی، بە بڕیاری گەورەشارەوانی ناوەکەی دەکرێتە تاهیر ئەلچی و لە رێوڕەسمێکدا ئەو ناوە بە فەرمی دەدرێتە کۆڵانەکە و تابلۆی ناوی کۆڵانەکەش دەگۆڕدرێت.
تاهیر ئەلچی ساڵی 1966 لە شاری جزیرێ -ی باکووری کوردستان لەدایکبووە. پیشەی پارێزەرایەتی بوو. دواتر بووە سەرۆکی بارۆی ئامەد.
تاهیر ئەلچی، سەرۆکی بارۆی ئامەد لەو رۆژەدا لە بەردەم منارەی چوارپا لە سووری ئامەد کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەبوو. ئەلچی داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد، تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.
دۆسیەی دادگەیی ئەلچی هەر بەردەوام بوو، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشت. دواجار ئەو سێ پۆلیسەی بە تۆمەتی تیرۆرکردنی ئەلچی دادگەیی دەکران، ئازادکران.
رۆژی 23-6-2017، راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەلچی دا و لە نیسانی ساڵی 2022، راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کوشتنی تاهیر ئەلچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژرابوو. محەممەد ئەمین ئاکتار، پارێرەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن، کە تاهیر ئەلچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەلچی دوای تێپەربوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانیدا رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2020 لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ