رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوایین قۆناخی سەرژمێری دەستپێدەکات و دوو هەفتە دەخایێنێت. سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەمە گرنگترین قۆناخی سەرژمێرییە و تێیدا رێژەی هەژاری دەستنیشان دەکرێت".
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، کارزان مەنتک، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم قۆناخە کۆتا قۆناخ و گرنگترینیانە، چونکە لەم قۆناخەدا باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزان دیاریدەکرێت."
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری گوتی: "ئەم قۆناخە جیاوازە لە قۆناخەکانی دیکە، هەم لەڕووی کردارییەوە هەم لەڕووی زانیارییەوە، چونکە لە قۆناخی ئەم جارە بژمێرەکان بەهۆی زۆریی پرسیارەکانەوە، کاتێکی زیاتر لای خێزانەکان دەمێننەوە."
نزیکەی 21 هەزار بژمێر کە بەشێوەی گرێبەست لەم پرۆسەیە دامەزراون، لەگەڵ 9 هەزار بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر لە وەزارەتەکانی پلاندانان و پەروەردە راهێنانیان پێدەکرێت.
بە گوتەی کارزان مەنتک، "پێویست ناکات هەموو خێزانەکە لە ماڵەوە بن، تەنیا یەک کەسی تەواو و پێگەیشتوو کە بتوانێت وەڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە لە ماڵەوە بێت بەسە."
لەبارەی کاتی سەردانەکان لەم قۆناخەدا، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری دەڵێت: "لەم قۆناخەدا زیاتر لە ئێواران واتا دوای کاتی دەوام سەردانی خێزانەکان دەکرێت".
٪99.9ـی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پڕۆسەی سەرژمێری کردووە. سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری گوتی، "لە مێژووی سەرژمێریدا بۆ یەکەم جارە بەم رێژەیە خەڵک بەشداری لە پڕۆسەی سەرژمێری بکات". گوتیشی: "هەندێک خێزانی کەم ماون بەهۆی دۆخی تایبەتەوە نەیانتوانیوە سەرژمێر بکرێن، یان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە یان لە دەرەوە بوون، بەڵام لەم قۆناخەدا ئەوانیش تۆماردەکرێن."
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، راهێنانی بژمێرەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، ئامادە دەکرێن بۆ قۆناخی کۆتایی سەرژمێری، 30ـی تشرینی دووەم کۆتا رۆژی راهێنانی بژمێرەکانە.
20 و 21 و 22ـی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، لەو سێ رۆژەدا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ