رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دوایین ئاماری قوربانییانی سڤیلی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە لانیکەم 20 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 120 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا، تورکیای بە بەئامانجگرتنی ئەو خەڵکە سڤیلە تۆمەتبار کرد کە بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی مرۆیی بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین روویان لە ناوچەی باکووری سووریا کردووە.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە دا هاتووە، "لەو هێرشانەدا درۆنەکانی جۆری بەیرەقدار و ئاکینجی بەکارهێناون." هەسەدە پێیوایە داگیرکردنی بەنداوی تشرین، هاوکاری ئەنقەرە و سوپای نیشتمانیی سووریا دەکات بە ئاسانی بەرەو بەشەکانی دیکەی رۆژئاوا پێشڕەوی بکەن.
هەسەدە هەروەها باس لە گرنگی ئەو بەنداوە دەکات بۆ تەواوی رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: "سەرچاوەی کارەبای بەشێکی زۆری رۆژئاوایە."
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لەزاری بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە هۆشداری لە رووخانی ئەو بەنداوە داوە و رایگەیاندووە، مەترسیی هەیە "کارەساتی ژینگەیی" دروست بکات و بە هەزاران کەسی لەدەستگەیشتن بە کارەبا بێبەش بکات.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار، زیاتر لە مانگێکە، سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژانە هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ، منبج و بەتایبەت بەنداوی تشرین دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ