رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگەی تاوانی یەک لە هەولێر، بەڕێوەبەری پێشووی سایلۆی هەولێر و حەوت فەرمانبەری سایلۆکەی بە یەک ساڵ زیندانیکردن حوکم دا. پارێزەری بەڕێوەبەری پێشووی سایلۆی هەولێر دەڵێت، "تانە لە بڕیارەکە دەدەین."
رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023 دادگای تاوانی یەک لە هەولێر ئیبراهیم عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری پێشووی سایلۆی هەولێر و حەوت فەرمانبەری دیکەی بەگوێرەی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی حوکم دا. سکاڵاکە لە دوو ساڵی رابردوو لەلایەن وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستانەوە دژی بەڕێوەبەری ئەوکاتی سایلۆی هەولێر و حەوت فەرمانبەری سایلۆکە تۆمارکرا، بە تۆمەتی پێدانی گەنمی خراپ بە ئاشەکان و دواتر هاڕین و دابەشکردنی بەسەر هاونیشتمانیان.
سەعید خۆشناو، پارێزەری بەڕێوەبەری پێشووی سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ماوەی 30 رۆژ مافی تانەمان لە بڕیارەکە هەیە لە پێش دادگەی پێداچوونەوە کە دادگەی تەمیزی هەرێمی کوردستانە، بۆیە کار لەسەر تانەدان لە بڕیارەکە دەکەین."
پارێزەری بەڕێوەبەری پێشووی سایلۆی هەولێر دەڵێت، "بڕیاری دادگە یەک ساڵ زیندانیکردنە، بەڵام بڕیارەکە راگیراوە، لەبەرئەوەی دادگە هەقی ئەوەی هەیە کە حوکمەکە ساڵێک کەمتر بوو جێبەجێکردنی رابگرێت، واتا سزاکەی رادەوەستێت و لە ماوەی سێ ساڵ ئەگەر هیچ تاوانێک ئەنجام نەدات ئەوە حکومەکەی لەسەر هەڵدەگیرێت. هەرچەندە بڕیاری دادگە بە زۆرینە وەرگیرا نەک بە رێککەوتن."
ئەو پارێزەرە دەڵێت، سایلۆی هەولێر دوو لایەنی کارکردنی هەیە، لایەنی هونەری و کارگێڕی، لایەنی یەکەم سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لایەنی دووەم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت. بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی حکومەتی عێراق لەبارەی گەنمەکە پێیداوین "گەنمەکە و عەمبارکردنەکەش تەواوە و کێشەی نییە، نووسراوی وەزارەتی تەندروستیش هەیە کە دەڵێت ئەو ئاردەی لە ئاشەکانەوە دابەشکراوە شیاوی بەکارهێنانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ