رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە بڕیاربوو تاوەکو 15ـی مانگی داهاتوو هاوردەکردنی تەماتە هەر کیلۆیەک 750 دینار باجی لەسەر بێت، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ عێراقدا بڕیاریان داوە رێگە بە هاوردەکردنەوەی تەماتە بدەن، چونکە بەرهەمی نێوخۆ ساخکراوەتەوە.
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بەرهەمی نێوخۆی تەماتە کۆتاییهاتووە و بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لەنێوخۆدا، بڕیاردرا بە رێگەدان بە هاوردەکردنی تەماتە و لە ئەمڕۆ 21ـی ئۆکتۆبەرەوە رێگە بەهاوردەکردنی دەدرێت.
لەوبارەیەوە ئەمڕۆ (شەممە، 21-10-2023) هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ئەمڕۆوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەکردنی تەماتە دەستپێدەکاتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێکەوە بڕیاریان لە راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە دا بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ ساخبێتەوە، لەنێویاندا بەرهەمی جووتیارانی شارەزوور و پێنجوێن؛ گوتیشی، "ئێستا بەرهەمی جووتیاران ساخبووەتەوە؛ بۆیە بەهۆی گرانبوونی تەماتە و دابینکردنی پێویستیی نێوخۆیی، بڕیاردرا هاوردەکردنی تەماتە دەستپێبکاتەوە."
بەگوێرەی رۆژنامەی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو لە 15ـی مانگی پێنجەوە تاوەکو 15ـی مانگی 11 هاوردەکردنی تەماتە هەر کیلۆیەک 750 دینار باجی لەسەربێت بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگیی نرخی تەماتە و، رێگەگرتن لە دابەزینی نرخەکەی و ساخنەبوونەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ