کوردستان
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و سەرۆک مەسعود بارزانی. وێنە: Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد) سەرۆک مەسعود بارزانی، باس لە چەندین رووداوی نێوخۆیی، هەرێمی و جیهانی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2016 دەکات، لەوانەش پەیامێکی قوسەی، کە چەند رۆژێک بەر لە پرۆسەی ئازادیی عێراق بە کەسایەتییەکی کورددا ناردوویەتی و داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە سەدام حوسێن ببینێت، بەڵام بارزانی رەتیکردووەتەوە.
کتێبەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە 14 بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا باس لە ئاماژە و ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەکات.
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "لە دوای رووداوەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001 رووخاندنی حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە، رۆژ بە رۆژ ئیدارەی ئەمریکا لەسەر رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن موکڕتر دەبوو. بۆ پێکانی ئەو ئامانجە جگە لە رای گشتی ئەمریکا و دۆزینەوەی هاوپەیمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمریکا پێویستییەکی زۆری بە کۆنگرەی لەندەنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هەبوو."
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت بەر لە شەڕ، ئەمریکا بەڵێنی دابوو کە پێشمەرگە پڕچەک بکات و مەشق و راهێنانی پێ بکات، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردەسەر، بۆیان دەرکەوت کە ئەم پاشەکشەکردنەی ئەمریکا لە ژێر گوشاری هەندێک دەوڵەتی هەرێمیدا بووە.
کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە سەلاحەددین
بەر لە رووخاندنی رژێمی سەدام، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە سەلاحەددین کرا، کە زۆربەی سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لایەنی ئەمریکی و بەریتانی بەشداریان تێدا کرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، بڕیار بوو کۆبوونەوەکە لە 22ی شوباتی 2003 بکرێت، بەڵام تورکیا رێگەی نەدا زاڵمای خەلیل زاد، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا بگات، بۆیە ئەندامانی لێژنەکەش کە لە کۆی 65 کەس، 54 کەس ئامادە بوون و بڕیاریاندا یەک دوو رۆژی دیکەش چاوەڕێی خەلیلزاد بکەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا ویفاق بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی بەهۆی ناکۆکی و جیاوازییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە کۆبوونەوەکە بەشداری نەکردبوو، بەڵام بە سەرۆک مەسعود بارزانی راگەیاندبوو: "بە هەموو ئەو بڕیارانە رازیم کە تۆ لەسەریان رەزامەند بیت."
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "چەند لایەنێک ئەوەیان بە دەرفەت زانی، کە عەللاوی نەبێتە ئەندامی لێژنەی سەرکردایەتی، بەڵام من بە تووندی دژی ئەو بیرۆکەیە وەستامەوە و گوتم ئەگەر عەللاوی نەبێتە ئەندامی لێژنەی سەرکردایەتیی، منیش ئامادە نیم لەو لێژنەیە بەشداری بکەم."
کێشەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە، وەک سەرۆک بارزانی باسی دەکات، پێشنیازی چەند لایەنێک بوو، کە سەرۆکی بەرەی تورکمانیش ببێتە ئەندامی لێژنەی سەرکردایەتی، بەڵام وەکو کورد ناڕەزایەتییان نیشان داوە، بەو مەرجە رازی دەبن، کە بەرە مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت و دانیش بە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێت، بەڵام لارییان نییە کەسایەتیی سەربەخۆی تورکمان ببێتە ئەندام.
لە کۆبوونەوەکەی سەلاحەددین شاندی ئێرانیش بە سەرۆکایەتیی سەردار جەعفەری بەشدار بوون، ئەمەش وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت: "بۆ ئەوەی کاریگەری و هەژموونی ئێران لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا بخەنە بەرچاوی ئەمریکا."
هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر هەرێمی کوردستان
سەرۆک بارزانی دەڵێت، لە سەروبەندی کۆبوونەوەی سەلاحەددین، تورکیا نیگەرانی خۆی بەرامبەر دۆخی عێراق دەربڕی، هەندێک هەڵوێستی تووندیشیان نیشاندا لەوانە:
- نابێت مافی فیدراڵی بە کورد بدرێت و ئۆتۆنۆمی بەسە.
- نابێت کورد بچێتە ناو موسڵ و کەرکووک.
- پێویستە ئەو چەکەی ئەمریکا دەیداتە کورد رادەستی ئێمە بکرێت و ئێمە رادەستیان بکەین، دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکەش چەکەکانمان رادەست بکرێنەوە.
- پێویستە مافی تورکمان بپارێزرێت، کە ژمارەیان سێ ملیۆن و نیو کەسە.
جگە لەوەش تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی دەکرد، کاتێک رۆژنامەڤانێک لەو بارەیەوە پرسیاری لە سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە، کە تورکیا دەیەوێ پێشمەرگە چەک بکات، ئەویش گوتوویەتی: "ئەگەر تورکیا بەنیازی چەککردنی پێشمەرگە بێت، تەنیا دەتوانێت چەک لەسەر جەنازەی پێشمەرگەکان هەڵگرێت."
وەک سەرۆک بارزانی باسی دەکات، زاڵمای خەلیلزاد لێی پرسیوە ئایا هەستیاریتان بەرامبەر هاتنی تورکیا هەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی: "بۆ ئاگاداری هەڵوێستیان نیت، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، گوایە دێن پێشمەرگە چەک دەکەن و ... کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕ هەڵوێستی تورکیاش گۆڕانکاریی بەسەردا هات، بە تایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا نەدات لە نێو خاکی تورکیاوە بچنە نێو عێراق.
لە چوارچێوەی پێشهاتەکان بڕیاردرا لەسەر داوای ئەمریکا شاندێکی ئۆپۆزیسیۆن سەردانی تورکیا بکات. شاندەکە لە 16ی ئاداری 2003 سەردانی تورکیایان کرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن چەند زانیارییەکی پێدام، لەوانە تورکیا وەکو جاران داکۆکی لە هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان ناکەن. پێداگرییەکی زۆر دەکەن بەرەی تورکمانی ببێتە ئەندامی لێژنەی سەرکردایەتی. لە بەردەم دەرگای هوتێل ئانکارا پاڵاس ژمارەیەک لایەنگری حکومەت دژی ئێمە خۆپێشاندانیان کرد، تەنیا مام جەلال بەرکەوت و بەشێوەیەکی دوور لە داب ونەریتی میوانداری هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کرد. ئەمریکا پێشنیازی کرد لێژنەیەکی هاوبەش لە ئەمریکا، کورد و تورکیا پێکبێت بۆ هەڵسەنگاندنی کێشە و گرفتەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، تورکمان و هەرێمی کوردستان."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا باس لە پلانی هاوبەشی پارتی و یەكێتی دەکات بۆ پرۆسەی ئازادی عێراق و دەڵێت بۆ ئەو مەبەستە رۆژی 9ی ئاداری 2003 بە سەرۆکایەتی شاندێکی پارتی سەردانی دووکانیان کردووە و لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە، لەوێ بڕیاری پێکهێنانی چەند لێژنەیەکیان داوە، لەوانە لێژنەی مەیدانی، دەرەوە، راگەیاندن و شارەکان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێک دران:
- لێبووردنێک بۆ لایەنگرانی حکومەتی بەغدا دەربکرێت، بەڵام لێبووردنەکە ئەو کەسانە نەگرێتەوە، کە تاوانیان کردووە.
- لەسەر داوای ئەمریکا شاندێک بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بچنە تورکیا، مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی وەک شاند سەردانەکە بکەن.
سەدام پەیامێک بۆ بارزانی دەنێرێت
وەک سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا باسی دەکات، لەسەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر عێراق، پەیامێکی لە قوسەیەوە لە رێگەی مامۆستا سەعید دهۆکییەوە بۆ دێت.
سەرۆک بارزانی دەڵێت، قوسەی لە پەیامەکەیدا گوتبووی: چاوەڕێی گورزێکی سەربازی دەکەن لە ماوەی نێوان 18 - 25ی ئادار. یانەی پاریس لەگەڵ مانەوەی سەدام حوسێنە لە دەسەڵاتدا، بۆیە لەو بڕوایەداین دەمێنێتەوە. قەناعەتیان بە تورکیا هێناوە کە یارمەتی ئەمریکا نەدات.
قوسەی هەروەها بە سەعید دهۆکی گوتبوو: "هەوڵ بدە مەسعود بارزانی رازی بکەیت کە بێت سەدام ببینێت و هەرچی داوای بکات بۆی جێبەجێ دەکەین، ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان."
سەبارەت بە وەڵامی بۆ پەیامەکەی قوسەی، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "ئەو جۆرە پەیامانە زۆر بێمانا و درەنگ وەخت بوون، حکومەتی عێراق دەرفەتی زۆری لەبەر دەست بوو کە کێشەی گەلی کورد بەشێوەیەکی عادیلانە چارەسەر بکات و ددان بە مافەکانی کورد بنێت، کەچی نەیکرد. ناردنی ئەو جۆرە پەیامانە کە حکومەتی عێراق دەیزانی لە دۆخێکی لاوازدایە و زۆری لە تەمەنیدا نەماوە، کارێکی بێهوودە بوو و لە نیازپاکییەوە نەبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ