کوردستان
ئەمڕۆ لەبارەی گەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و دەڵێت، "کەفیلەکان ناچار ناکرێن بە گەڕاندنەوەی قەرزەکان و لە مووچەکانیان نابڕدرێت." وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لە گەڕاندنەوەی قەرزی پێشینەی خانووبەرە و هاوژینی دەکرێت و هیچ کەفیلێک ناچار ناکرێت بە گەڕاندنەوەی قەرز تاوەکو میکانیزمێکی نوێ دادەنرێت.
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویستە هەموو ئەو کەسانەی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیرییان لە حکومەت وەرگرتووە لە 19ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 19ی مانگی ئاب قەرزەکانیان بگەڕێننەوە بە پێچەوانەوە 1 لەسەر 5ـی مووچەی کەفیلەکانیان دەبڕدرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، ئەمڕۆ لەبارەی گەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و دەڵێت، "کار بەو میکانیزمەی وەزارەتی دارایی نەکرێت و کەفیلەکان ناچار ناکرێن بە گەڕاندنەوەی قەرزەکان و لە مووچەکانیان نابڕدرێت."
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، بارگرانییەکی زۆر لەسەر کەفیلەکان دروستبووە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی ئەو کەسانەی بوون بە کەفیلیان و قەرزدار ئامادە نەبووە قەرزەکان بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە؛ بۆیە مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، "میکانیزمێکی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە دادەنرێت و تاوەکو ئەو کاتە، کار بە رێنمایی وەزارەتی دارایی نەکرێت و لە مووچەی هیچ کەفیلێک نەبڕدرێت، بەڵام گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەگشتی بەردەوامە و هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت سەردانی بانکەکان بکات و قەرزەکەی بداتەوە."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023 پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستێتی گوشار و بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت و میکانیزمی پێشوو لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
له ههرێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی ههیه كه پێشینهیان بە هاونیشتمانییان داوە و بەسەر بەشەکانی: خانووبهره، پیشهسازی، كشتوكاڵ و نیشتهجێكردن دابەش بوون.
03-07-2023 شیرین حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەر کەسێک قەرز دەکات، دەبێت کەسێک کەفیلی بێت کە فەرمانبەری حکومەت بێت، واتە هەر کەسێک قەرزی پێشینەی کردبێت و کەفیلەکەی فەرمانبەر بێت، ئەگەر خۆی قیستەکانی نەگەڕێنێتەوە ئەوە مانگانە 20٪ی مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 231.474 كهس لە پێشینەکانی قەرزی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری سوودمهند بوون. له پارێزگای ههولێر 72 هەزار و 181 كهس له پێشینهكان سوودمهند بوون و ئەوانە بڕی 1.4 تریلیۆن دیناریان دراوەتێ و لەو بڕە نزیکەی 597 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 811 ملیار دیناریش ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ