محەممەد تۆفیق رەحیم: ناگەڕێمەوە خانەی راپەڕاندن

21-08-2019
نیشانەکردن محەممەد تۆفیق رەحیم
A+ A-

رووداو – سلێمانی

محەممەد تۆفیق رەحیم بە رووداوی راگەیاند، ناگەڕێتەوە خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لەگەڵ حیزبەکەی بەردەوام دەبێت.

دوای ئەوەی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ناوی مستەفا سەید قادری وەک بەربژێری بزووتنەوەکەی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکلاکردەوە، محەممەد تۆفیق رەحیم کە تەنیا کەس بوو لە بزووتنەوەکەدا سیڤی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشکەش کردبوو، نیگەرانی خۆی لە شێوازی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکەی گۆڕان راگەیاند و بڕیاریداوە نەگەڕێتەوە خانەی راپەڕاندن، بەڵام لە گۆڕاندا دەمێنێتەوە.

محەممەد تۆفیق رەحیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کاتەی سیڤیم پێشکەشکرد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەر ئەو کات بەپێی عورفی یاسایی بزووتنەوەکە لە خانەی راپەڕاندن دەستم لەکارکێشایەوە، ئێستاش کە پۆستەکە بۆ من یەکلانەبوویەوە ئامادەنیم بگەڕێمەوە بۆ خانەی راپەڕاندن، چونکە خۆی هەر لە بنەمادا تەمەنی یاسایی ئەو خانەیە بەسەرچووە و دەبێت لە گۆڕاندا خانەیەکی نوێی راپەڕاندن هەڵبژێردرێت".

محەممەد تۆفیق رەحیم دەشڵێت: "میکانیزم و شێوازی یەکلاکردنەوەی بەربژێری گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێوازێکی نادروست و نا یاسایی بوو، بابەتی شەخسی خرایە پێش یاسا، تەنیا کەس بووم بۆ ئەو پۆستە سیڤیم پێشکەشکرد، دەبوو قسەم لەگەڵ بکرێت و  پۆستەکەش لەسەر بنەمای سیڤی کەسێکی بۆ دیاری بکرایە نەک بابەتی شەخسی".

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دواهەمین کۆبوونەوەی خۆیاندا رێکخەری گشتی بزووتنەوەکەیان سەرپشککرد کە خۆی بەربژێری جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پشکی بزووتنەوەکەیە یەکلابکاتەوە، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ناوی مستەفا سەید قادری بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە