رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی ئامەد و مێردین دەستیپێکردووە کە بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 44ـی دیکەش بریندار بوون. بارۆی ئامادیش لەبارەی ئاگرەکە سکاڵایەکی تۆمار کرد.
رۆژی هەینی، 21ـی حوزەیرانی 2024، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە ئێکس رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی چنار دەستیپێکردووە سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوە لە شارۆچکەکانی چناری ئامەد و شارۆچکەی شەمرەخی مێردین.
تونچ لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانیان کرد: "سەرۆکایەتی داواکاری گشتی چنار لێکۆڵینەوەی یاسایی پەیوەست بە ئاگرەکە دەستیپێکردووە."
هەروەها بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەران) رایگەیاند، سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و درەنگ گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، لە داواکاری گشتی شارۆچکەی چنار سکاڵایان تۆمارکردووە و داوایان کردووە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت.
درەنگیی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی دەڵێ، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە. هەر بەهۆی ئاگرەکە 44 کەس بریندار بوون، کە تەندروستی 10یان ناجێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ