لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە مەڵەتی باوکێک کوژرا و کوڕەکەشی بە سەختی بریندار کرا

21-06-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای مەڵەتی باکووری کوردستان لە ئاهەنگێكی بووکگواستنەوەدا شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا روویدا، کە خزمی یەکدین و پێشتر ناکۆکی لە نێوانیاندا هەبووە، لە شەڕەکەدا باوکێک گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی بە سەختی بریندار بوو. 
 
رووداوەکە کاژێر 20:15 خولەکی شەوی پێنجشەممە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە گەڕەکی بوڵگورلوی سەر بە شارۆچكەی بەتاڵگازی روویدا. 
 
سەرەتا دەمەقاڵێ لە نێوان دوو ئەندامی ئەو دوو خێزانەدا دروستبوو و دواتر بە دەمانچە تەقەیان لە یەکدی کردووە، بەو هۆیەوە عەبدوڵڵا کازیجی تەمەن 53 ساڵ و کوڕەکەی بە ناوی (ئا. ک.) بریندار بوون و تەقەکەرەکە لە شوێنی رووداوەکە هەڵات. 
 
دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر تیمی پۆلیس و پزیشکی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. باوک و کوڕە بریندارەکە لە شوێنی رووداوەکە فریاگوزاری سەرەتایییان بۆ کرا و گوازرانەوە بۆ سەنتەری پزیشکی تورگوت ئۆزال. عەبدوڵڵا کازیجی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان (ئا. ک.) کە لە شوێنی رووداوەکە بریندار بوو و ئێستا لە ژێر چاودێری چڕدایە و تەندروستی ناجێگیرە. 
 
تەقەکەرەکە  کە ناوی (ر. ک.)ـە دەستگیرکراوە و لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە