رووداو دیجیتاڵ
درەنگیی شەوی رابردوو لە نێوان شارۆچكەی چناری سەر بە ئامەد و شارۆچکەی شەمرەخی سەر بە مێردین ئاگر لە دەخڵ و دانی هاووڵاتییان کەوتەوە، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 44 ـی دیکەش بریندار بوون، 10 لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 21ـی حوزەیرانیش ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی ئامەد و مێردین، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، 44 کەس بە سەختی بریندار بوون.
درەنگی شەوی پێنجشەممە، 20ـی حوزەیران بە هۆکارێكی نادیار ئاگر لە دەخڵودانی گوندەکانی نێوان شارۆچكەی چنار و شەمرەخ کەوتەوە. بەهۆی کاریگەری با ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی سەند و زەوییەکانی هەشت گوندی ناوچەکەی گرتەوە.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی ئافاد و بەڕێوەبردنی دارستان و بەرگریی شارستانی و تەندروستی چوونە شوێنی رووداوەکە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچكەی چنار سەر بە ئامەد سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش لە شارۆچكەی شەمرەخی سەر بە مێردین گیانیان لەدەستداوە، بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت.
بەڤیدیۆ: لە سنووری نێوان پارێزگەی ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان ئاگر کەوتووەتەوە و زیان بە زەویی چوار گوند کەوتووە pic.twitter.com/02lKbxLdXU
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 20, 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ