رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێک دەکرێت.
لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، یەکەم تەوەر تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە رەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسا و پەیڕەوانەی کە تاوەکو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەدراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت.
بڕیارە هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ بکرێت لەبارەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و رێکارەکانی خۆپارێزی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان چوار کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون کە سێیانیان گیانیان لەدەستداوە؛ کەسێك خەڵکی شاری هەولێر، کەسێکی دیکە خەڵکی سۆران و سێیەم کەس خەڵکی پارێزگای دهۆک بوو. دوێنێ چوارەم کەس لە ئاکرێ تووشی تای خوێنبەربوو، بەڵام دۆخی تەندروستی جێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ